گرێی ریشاڵی منداڵدان Fibroids بریتییە لە گەشەی نائاسایی لە منداڵداندا. نزیكەی 70-80%ی ئافرەتانی ژێر تەمەنی 50 ساڵی دووچاری دەبن. هەموو گرێیە ریشاڵییەكانی منداڵدان بەگشتی پاكن واتە شێرپەنجەیی نین. هۆكاری راستەقینەی گرێی ریشاڵی منداڵدان بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام مەیلی خێزانی و كێشی زیادی لەش بەتایبەتی پاش تەمەنی 30 ساڵی هۆكاری هاندەرن، هەروەها هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن كە لە هێلكەدانەكانەوە دەردەدرێن، هۆكارن بۆ نوێبوونەوەی ناوپۆشی منداڵدان لەكاتی هەر سووڕێكی مانگانەدا و لەوانەیە كە ببنە ئەگەری گەشەی گرێی ریشاڵی منداڵدان، هەروەها دووگیانی هاندەرێكی ترە بۆ گەشەی گرێی ریشاڵی منداڵدان، چونكە لەكاتی دووگیانیدا ئاستی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن بەرزدەبێتەوە. بەگشتی گرێی ریشاڵی منداڵدان كە بچووك بێت بێ نیشانەیە تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە قەبارەی گرێیەكە گەورە دەبێت. بەگشتی شوێن و قەبارە و ژمارەی گرێیەكان رۆڵیان هەیە لە ئەگەری سەرهەڵدانی نیشانەكان كە بریتین لە: ئازار لە خوارەوەی سك یان لە خوارەوەی پشتدا لەگەڵ هەستكردن بە قورسایی یان ئاوسان لە خوارەوەی سكدا، قورسبوون و درێژبوونەوەی سووڕی مانگانە و بینینی خوێن لە بەینی سووڕەكاندا. گرێی ریشاڵی منداڵدان بە سۆنار دەستنیشان دەكرێت، بەگشتی گرێی بچووك و بێ نیشانە پێویستی بە چارەسەر نابێت، رێگاكانی چارەسەركردن بریتین لە بەكارهێنانی دەرمان، گرێی گەورەش بە نەشتەرگەری لادەبرێت.