ئەمە زانراوە كە جینەكان رۆڵیان هەیە لە زیادی و كەمی كێشی لەشدا، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە جینەكان جۆری بەكتریای ریخۆڵە Microbiome دیاردەكەن كە ئەمەش بە دەوری خۆی رۆڵی لە كەمی و زیادی كێشی لەشدا هەیە. لەوانەیە كە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوانە رێگا خۆش بكات بۆ چارەسەركردنی كێشی زیاد و قەڵەوی بە بەكارهێنانی پرۆبایۆتیك Probiotic بە مەبەستی زیادكردنی رێژەی بەكتریای سوودبەخش لە كۆئەندامی هەرسدا. هەروەها زیادكردنی رێژەی چەند بەكتریایەكی تایبەت لەوانەیە كە رێگا لە ئەگەری قەڵەوی بگرێت، بۆنموونە جۆرێكی بەكتریا بە ناوی Ch. minuta بە كاریگەریی جینەكان لە ریخۆڵەی ئەو كەسانەدا هەیە كە كێشی لەشیان كەمە، بۆیە پسپۆران بەدوای ئەوەدان كە رێژەی ئەم بەكتریایە لە ریخۆڵەدا زیاد بكەن بە مەبەستی خۆپاراستن لە قەڵەوی. ئەگەرچی لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە بۆماوە رۆڵی هەیە لە بوونی هەندێك جۆری بەكتریا لە ریخۆڵەدا، بەڵام هێشتا جیاوازی بەكتریای ریخۆڵە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر تا رێژەیەك دەكەوێتە ژێر كاریگەری خۆراك، ژینگە، لەگەڵ تەندروستیی كەسی. سێو یەكێكە لە نموونە زیندووەكان، بۆ نموونە ریشاڵ و ماددە پۆلیفینۆلەكانی Polyphenols ناو سێو كە بە نەگۆڕاوی دەگەنە كۆڵۆن ئەوا بە هۆی بەكتریای كۆڵۆن هەوێن دەبن و ماددەی ترشی بیوتیریك Butyric acid پەیدا دەكەن كە هانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە كۆڵۆندا دەدات.