دووگیانی یەكەم یان نەوبەرەPrimigravidaتاقیكردنەوەیەكی ئەوتۆیە كە ژیانی ئافرەت بە درێژایی تەمەنی دەگۆڕێت. زۆربەی ئافرەتان بەتایبەتی گەنجەكان لەگەڵ یەكەم دووگیانبووندا Pregnancy دوچاری جۆرێك ترس و دڵەڕاوكێ و نیگەرانی دەبنەوە كە توندییەكەی لە ئافرەتێكەوە بۆ ئافرەتێكی تر جیاوازی هەیە. لەگەڵ دووگیانیدا چەندین گۆڕانی فسیۆلۆژی لە لەشدا روودەدەن كە ئەگەر ئافرەتی دووگیان پێیانەوە ئاشنا نەبێت ئەوا بێگومان دوچاری نیگەرانی دەبێت، بۆ نموونە سەرسووڕان، هێڵنج یان رشانەوەی بەیانیانMorning sickness، هەروەها دابەزینی پەستانی خوێن كە زۆر جار وا لە ئافرەت دەكات هەست بە بوورانەوە یان لەهۆشچوون دەكات، بۆیە زیاتر ئارەزووی دانیشتن و پاڵكەوتن دەكات. گۆڕانە ئاساییەكانی تری پەیوەست بە دووگیانی بریتین لە: خەوزڕان لەبەر پەستی و گەورەبوونی قەبارەی سك كە كاریگەری دەكاتە سەر پۆزیشنی نووستن یان لەبەر بینینی خەونی ناخۆش سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی دووگیانی و كۆرپە و منداڵبوون، گۆڕان لە ئارەزوو و حەزەكانی پەیوەست بە خۆراك، زیادبوونی كەڕەتەكانی میزكردن لەبەر فشاری منداڵدان لەسەر میزڵدان، قەبزی، زیاد ئارەقەكردن، دڵەكوتێ، ئازار و خوێنبەربوون لە پووكدا. بوونی زانیاری دروست، سەردانی بەشی چاودێری دایكان لەبنكە تەندروستییەكاندا خاڵی گرنگن بۆ بەلاوەنانی نیگەرانییەكانی دووگیانی یەكەم و دووگیانییەكانی دواتر.