بۆچی ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری شەقەسەر دەبێت؟

بۆچی ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری شەقەسەر دەبێت؟
ئایا دەزانی كە ئافرەت 3 هێندەی پیاو زیاتر دوچاری شەقەسەرMigraineدەبێت، هۆكاری ئەمەش بۆ هۆرمۆنەكان دەگەڕێتەوە؟ ئەگەرچی هۆرمۆنەكان لە ئافرەتدا بەتایبەتی هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین پێوەندییان بە شەقەسەرەوە هەیە، بەڵام گۆڕانەكانی دەوروبەر وەكو ژاوەژاو، رووناكی تیژ، بۆن و بەرام، هەروەها جوولەی فیزیكی وروژێنەرن بۆ نۆرەكانی شەقەسەر. ئەمە تێبینی كراوە كە لە تووشبوواندا نۆرە توندەكانی شەقەسەر لەگەڵ دەستپێكی سووڕی مانگانەدا سەرهەڵدەدەن، كەچی لەگەڵ دەستپێكی قۆناغی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا Menopause نۆرەكانی شەقەسەر سووكتر و كەمتر دەبنەوە. ئەگەرچی سەرئێشە باوە لەكاتی سووڕی مانگانەدا، بەڵام هەموو سەرئێشەیەك شەقەسەر نییە. نۆرەی شەقەسەری پەیوەست بە سووڕی مانگانە Menstrual migraines تەنیا لە 2 رۆژی پێش دەستپێكی سووڕ و 2 رۆژی پاش تەواوبوونی سووڕی مانگانەدا سەرهەڵدەدات، كەچی سەرئێشەی پەیوەست بە گرژیەكانی پێش سووڕی مانگانە PMS لەگەڵ دەستپێكی سووڕدا نامێنێت. لە لایەكی ترەوە، دەنكی رێگرتن لە دووگیانی(حەبی مەنع) كە هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن Progesterone لەخۆدەگرێت لەوانەیە كە بە شێوەیەكی بەرچاو وروژێنەر بێت بۆ نۆرەكانی شەقەسەر.
Top