لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks جگە لە زیانە زانراوەكان، دەبنە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ پاش یەك كاتژمێر لە خواردنەوەیاندا. بەپێی ئامارە پزیشكییەكان، نەوجەوانان لە هەموو كۆمەڵگاكان و لە هەموو چینەكانی تری كۆمەڵ زیاتر خواردنەوە وزەبەخشەكان بەكاردێنن بەتایبەتی لە تەمەنی 18-25 ساڵیدا. خواردنەوە وزەبەخشەكان رێژەیەكی بەرز لە ماددەی تاورین Taurin و كافائین لەخۆدەگرن، بۆ نموونە قوتووێك تایگەر یان رێد بوڵ 3 هێندەی كوپێك قاوە كافائین لەخۆدەگرێت. یەكێك لە زیانە لابەلاكانی بڕی زیادی كافائین بریتییە لە زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، دڵەكوتێ Palpitation( هەستكردن بە لێدانەكانی دڵ)، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەوانەشە كە هەندێك جار كار بگاتە سەرهەڵدانی پەركەم. هەروەها ئەمەش لە دوا لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنەوە وزەبەخشەكان بارگرانی دەخەنە سەر سكۆڵەی چەپی دڵ و دەبنە ئەگەری زێدەگرژبوونی ماسوولكەی دڵ كە هۆكارە بۆ ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ Arrhythmias.