ژەنین و گوێگرتن لە میوزیك سوودی بۆ تەندروستیی دروونی و تەندروستیی جەستەیی(فیزیكی) هەیە. یەكێك لە سوودە گرنگەكانی ژەنین یان گوێگرتن لە میوزیك بریتییە لە باشتركردنی فرمانی سیستمی بەرگری لەش لە رێگای زیاركردنی دژەتەنی ئیمیونۆگلۆبیولین Immunoglobulin A كە رۆڵی هەیە لە زیادكردنی بەرگری لەش بەرامبەر بە میكرۆبەكان، هەروەها كەمكردنەوەی ئاستی سترێس و سووككردنی ئازار لە حاڵەتەكانی ئازاری درێژخایەن.لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە گوێگرتن لە میوزیك سوودبەخشترە لە بەكارهێنانی دەرمان لە حاڵەتەكانی پەستی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری كە لە گەلێك كەسدا بەدی دەكرێت، لەگەڵ كەمكردنەوەی توندیی پەستی لە كەسانی تووشبوو بە شێرپەنجەدا. ئەمەش روونكراوەتەوە كە چارەسەر بە میوزیك Music therapy هاوكات لەگەڵ چارەسەری ئاسایی ئەنجامی باشتری دەبێت لە چارەسەركردنی حاڵەتەكانی خەمۆكیدا، هەروەها میوزیك لە ژووری نەشتەرگەریدا و پاش نەشتەرگەری سوودی بۆ نەخۆش هەیە. ژەنینی یان گوێگرتن لە میوزیك رۆڵی هەیە لە دابەزاندنی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە، هەروەها رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ باشتركردنی مەزاج و فراوانكردنی بۆندە كۆمەڵاتییەكان، لەوكاتەی كە میوزیك هاندەرە بۆ زیاد دەردانی ماددەی دۆپامین Dopamine لە شانەكانی مێشكدا، ئەمەش هەستكردن بە خۆشی زیاد دەكات.