هەڵگرتنی سەوزە و میوە لەناو فریزەردا، نەك هەر لە لایەنی كاتەوە سوودی هەیە، بەڵكو تەندروستییانەشە. زۆر كەس پێیان باشترە كە سەوزە و میوە تازە بێت و بە تازەیی بخورێت بە مەبەستی چێژی خۆشتر و بەهای خۆراكی زیاتر و باشتر. سەوزە و میوە، هەر لەو كاتەی كە لێدەكرێتەوە و دەگاتە دەستی كڕیار تا دەگاتە كاتی خواردن بەرە بەرە ماددە خۆراكییە وردە گرنگەكان ون دەكات. لەكاتی فریزكردندا، ئاستی ئەم ونبوونەی پێكهاتە گرنگەكان زۆر لەسەرخۆ دەبێتەوە. بۆ نموونە لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ئەگەر قەرنابیت بە تازەیی بۆ ماوەی 7 رۆژ هەڵبگیرێت نزیكەی 56%ی ڤیتامین C ون دەكات، كەچی بە فریزكردن لە پلەی 20 سانتیگرادی ژێر سفردا بۆ ماوەیی یەك ساڵ تەنیا 10%ی ڤیتامین C ون دەكات. هەروەها رێژەی ماددە دژەئۆكسانەكانی قەرنابیت و هەندێك كانزاكان لە راستیدا بە كرداری فریزبوون زیاتر بوون لەجیاتی ئەوەی كە كەم ببنەوە. قەرنابیت رێژەیەكی زۆری لە ڤیتامین C تێدایە و بەها خۆراكییەكەی بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ رێژەی بەرزی ئەم ڤیتامینە دەگەڕێتەوە. كەواتە هەموو جۆرە سەوزە و میوەیەك كە بە فریزكردن هەڵدەگیرێت هەتا ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆریش بێت، شیاوە بۆ خواردن و چێژ و بەها خۆراكییەكەی لەدەست نادات.