لە نەشتەرگەریی بچووككردنەوەی یان جوانكاریی سكدا Tummy tuck، شێوەی سك رێكدەخرێتەوە و دیواری سك گورج یان توند دەكرێت بە لابردنی پێستی زیاد لە بەشی ناوەڕاست و خوارەوەی سكدا، لەگەڵ گورجكردنی ماسوڵكە و شانە پەردەییەكانی دیواری سك. نەشتەرگەریی جوانكاریی سك زیاتر بۆ ئافرەت پاش دووگیانی، كەسانی بەساڵاچوو، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە بڕێكی زۆری كێشی لەش دادەبەزێنن ئەنجام دەدرێت لەبەر شل و شۆڕبوونی پێست Sagging و دیواری سك. بەم نەشتەرگەرییە تا رادەیەك ئاسەوارەكانی كشانی پێست Stretch marks كەمتر دیار دەمێنن بەتایبەتی هێڵەكانی ژێرەوەی ئاستی ناوك. نەشتەرگەریی جوانكاری و بچووككردنەوەی سك هەرگیز گونجاو نییە و ئەنجام نادرێت بە مەبەستی كەمكردنەوەی كێشی لەش، ئەگەرچی ئەنجامەكەی لە لایەنی تەكنیكییەوە هەمیشەییە، بەڵام لایەنە پۆزەتیڤەكانی ئەنجامی نەشتەرگەرییەكە لەگەڵ هەڵبەزین و دابەزینی كێشی لەشدا بە توندی تێكدەچن، بۆیە ئەوانەی كە دەیانەوێت كێشی لەش دابەزێنن ئەوا واباشترە كە نەشتەرگەییەكە(ئەگەر پێویست بكات) بخەنە دوای دابەزاندنی كێش بە رێگای ریجیم و مەشقی وەرزشی. پاش نەشتەرگەریی جوانكاریی سك، ئاسەواری هێڵیك بە پانیی سك لە ژێرەوەی ناوك كە تا تەنیشتی سك بۆ هەردوو لا درێژدەبێتەوە لەگەڵ ئاسەوارێكی بازنەیی لە دەوری ناوكدا، ئینجا پاش ماوەیەك رەنگی ئەم هێڵانە كەمێك سوور دەبێت و كەمێكیش پانتر دەبن.