ئەگەرچی گەلێك هۆكار دەبنە ئەگەری پشت ئێشە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری تووشبووان بە پشت ئێشە لەوە نیگەرانن كە دوچاری خزینی دیسكی بڕبڕەكان بووبن Disc prolapse، چونكە درك بەوە دەكەن كە لەوانەیە خزینی دیسك كاریگەری زۆر بكاتە سەر چالاكییەكانی رۆژانەیان، لەوكاتەی كە خزینی دیسك زیاتر لە گەنجەكاندا روودەدات و چارەسەریش گەلێك جار بە دڵی تووشبوو نییە. لە نێوان بڕبڕەكانی پشتدا دیسكێكی بچووكی ئیسفەنجی زۆر بەهێز هەیە، فرمانی ئەم دیسكانە بریتییە لە هەڵمژینی هێدمە و یارمەتیدانی (مرونەتی) جوولەی بڕبڕەكانی پشت بە ئاراستەی جیاواز. ئەگەر دیسكی نێوان دوو بڕبڕە فشاری زیاتر لە توانای بەرگەگرتنی بكەوێتە سەر یان بەر زەبرێكی بەهێز بكەوێت، ئەوا دوچاری دڕان یان دەرپەڕین (بۆقكردن) دەبێت Herniation. خزینی دیسك لە گەلێك شوێنی بڕبڕەی پشتدا روودەدات، بەڵام زیاتر لە بڕبڕەكانی خوارەوەی پشتدا بەدی دەكرێت. هۆكارەكانی خزینی دیسك: زەبر بۆ ناوچەی پشت كە هێندە توند بێت تا ببێتە ئەگەری قڵیشانی بەرگی دەرەوەی دیسك، كەوتنە خوارەوە لە شوێنی بەرز، هەڵگرتنی تەنی قوڕس لەكاتی چەمانەوەی پشت بۆ پێشەوە، هەروەها پیربوونیش هۆكارێكی ترە. هەموو نیشانەكانی خزینی دیسك لە ئەنجامی فشاری دیسكی خزیو لەسەر رەگی دەمارەكان پەیدادەبن. پشت ئێشە نیشانەی سەرەكی خزینی دیسكە، هەندێك جاریش سڕبوون و بێهێزبوونی ئەو بەشەی كە دەمارەكانی بۆ بڵاوبونەتەوە بۆ نموونەلە تەنیشتەكان و ران و قاچدا.