زێدەگۆشتی پێست Skin tags بریتییە لە گرێی بچووكی نەرمی قاوەیی رەنگ لە پێستدا كە لەوانەیە لە هەر بەشێكی لەشدا بەدی بكرێت، بەڵام زیاتر لەم بەشانەی لەشدا دەبینرێت: پێڵووەكان، بن كەوش، پێستی ژێر مەمك لە ئافرەتدا، ناوگەڵ، بەشی سەرەوەی سینگ، مل، لەگەڵ قۆڵەكان. ئەم حاڵەتە زیاتر لە تەمەنی ناوەڕاست لە ئافرەت و پیاو وەكو یەك بەدی دەكرێت، هەندێك كەس ئامادەباشی زیاتریان بۆ تووشبوون هەیە. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن بریتین لە: كێشی زیاد و قەڵەوی، دووگیانی، تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لەبەر هۆكاری جیاواز بەتایبەتی لە ئافرەتدا، مەیلی زگماكی، هەروەها نەخۆشی شەكرە و رێژەی بەرزی هۆرمۆنی ئینسولین لە خوێندا ئەگەری تووشبوون بە زێدەگۆشتی پێست زیاد دەكەن. زێدەگۆشتی پێست بەگشتی گرێی پاك و بێ نیشانەن و هیچ مەترسییاننییە، بەڵام زۆربەی تووشبووان لەبەر هۆكاری جوانی بۆ لابردنیان سەردانی دكتۆر دەكەن، گەلێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن كە لەوانەیە زیاد لێكخشانی پێست هۆكارێكی هاندەر بێت بۆ سەرهەڵدانی زێدەگۆشتی پێست. رێگاكانی چارەسەركردن كە تەنیا لە لایەن دكتۆر ئەنجام دەدرێن ئەمانەن: كەویكردن Cauterization، لابردن پاش فریزكردن بە هۆی نایترۆجینی شل Cryosurgery، بەستانی زێدەگۆشتەكان Ligation بە داوی تایبەت تا لە شوێنی خۆیان وشك دەبن و دەوەرێن، یان لابردن بە نەشتەرگەریی بچووك واتە بڕین بە موسی نەشتەرگەری. هەندێك جاریش هەمان گیراوەی لابردنی بالوكە بەكاردێت كە لەوانەیە لە ماوەی 7-10 رۆژدا زێدەگۆشتەكان نەهێڵێت.