ڤیتامین E دژەئۆكسانێكی بەهێزە و پەردەی خانەكانی لەش كە خانەكانی چاویش دەگرێتەوە لە زیانی كۆڵكە سەربەستەكان Free radicals دەپارێزێت. سوودەكانی ڤیتامین E بۆ تەندروستیی چاو بریتین لە: خۆپاراستن لە تووشبوون بە ئاوی سپی Cataract، پاراستنی چاوەكان لە تێكچوونی سەنتەری تۆڕەی چاو لە ئەنجامی بەتەمەنداچووندا AMD كە هۆكارە بۆ لەدەستدانی بینین. ڤیتامین E لە چەوریدا دەتوێتەوە و گروپێكی 8 ئاوێتە دەگرێتەوە كە بە تۆكۆفیرۆلەكان Tocopherols و تۆكۆترایینۆلەكان Tocotrienols ناسراون، ئەلفا تۆكۆفیرۆل ئاكتیڤترین جۆرە. ڤیتامین E سروشتی كە بە d-alpha tocopherol ناوزەد دەكرێت، باشترین جۆرە كە سوودی زۆری بۆ تەندروستیی چاوەكان هەیە.پێویستی رۆژانەی ڤیتامین E بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە 15 ملگم كە دەكاتە 22.5 یەكەی جیهانی IU. باشترین سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین E ئەمانەن: باوی، بندق، سپێناغ، تۆوی گولەبەڕۆژە، ئاڤۆكادۆ، دانەوێڵەی تەواو. ئەوە ماوە بڵێین كە بەكارهێنانی حەبی ڤیتامین E لەوانەیە زیانی تەندروستی هەبێت، بۆیە پێویستە تەنیا بەرێنمایی دكتۆر بەكاربهێنرێت.