لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا تەندروستیت بەسەر بكەرەوە

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا تەندروستیت بەسەر بكەرەوە
هەموومان دەزانین كە خۆپاراستن لە چارەسەر باشترە، یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان پشكنینی دەوری و بەسەركردنەوەی تەندروستییە. هەندێك پشكنینی دەوری پێویستە كە هەر 6 مانگ جارێك ئەنجام بدرێن، بەهەرحاڵ ئەگەر ساڵانەش بێت ئامانجەكە دەپێكێت. پشكنینی دەوری ساڵانە گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی سەرەتای هەر گرفتێكی تەندروستی لە كاتی گونجاودا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ رێگرتن لە تووشبوون لەوكاتەی كە چانسەكانی چارەسەركردن و چاكبوونەوە زیاترن. ئەگەر هەر پشكنینێك نائاسایی بوو ئەوا هێشتا كات لەبەر دەست ماوە بۆ پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی خۆپاراستن یان بەلای كەم راگرتن و كۆنترۆلكردنی حاڵەتەكە. بۆ نموونە حاڵەتی پێش تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە Prediabetes كە بە پشكنینی ئاستی شەكری خوێن دەستنیشان دەكرێت، ئەگەر زوو هەنگاوەكانی خۆپاراستن بگرێنە بەر ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە نامێنێت، هەروەها بە گوێرەی ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. پشكنینە دەورییەكان بریتین لە: پشكنینیەكان بۆ كۆلیستیرۆل و چەورییەكانی تری خوێن، شەكری خوێن، پەستانی خوێن، هەوكردنی ڤایرۆسیی جگەر، شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی كۆڵۆن، پشكنینی PSA بۆ شێرپەنجەی پرۆستات، هەروەها پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش BMI بۆ دڵنیابوون لە كێشی لەش، لەگەڵ بەسەكردنەوەی تەندروستیی دەم و ددان، پشكنین بۆ شێرپەنجەی مەمك و ملی منداڵدان لەگەڵ پەیڕەوكردنی خشتەی كوتانی تایبەت بە ئافرەتان.
Top