رەنگە نارنجییەكەی گێزەر دەگەڕێتەوە بۆ ماددە كارۆتینۆیدەكان Carotenoids كە ماددەی دژەئۆكسانن، سوودی تەندروستی زۆریان هەیە، رەنگێكی نارنجی یان زەردیان هەیە. پتر لە 12 جۆری ماددە كارۆتینۆیدەكان لە گێزەردا هەن كە گرنگترینیان بریتییە لە بیتا كارۆتین Beta-carotene كە تەنیا لە چەوریدا دەتوێتەوە، بۆیە ئەگەر هەندێك چەوری لەگەڵدا نەخورێت ئەوا رێژەی هەڵمژینی یەكجار كەم دەبێتەوە. گێزەر تا زەردتر بێت هێندە رێژەیەكی بەرزتری كارۆتینۆیدەكان لەخۆدەگرێت. زیاد خواردنی ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەزری كارۆتینۆیدەكان لەخۆدەگرن وەكو گێزەر دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی كارۆتینۆیدەكان لە خوێندا Carotenemia، لێرەدا لەش توانای گۆڕینی ئەو بڕە زۆرەی كارۆتینۆیدەكان بۆ ڤیتامین A نابێت، بۆیە كارۆتینۆیدەكان لە لەشدا بەتایبەتی لە پێست و شانەكانی ژێر پێستدا خەزن دەكرێن. زیادبوونی ماددە كارۆتینۆیدەكان لە پێستدا Carotenoderma دەبێتە ئەگەری گۆڕان لە ڕەنگی پێستدا كە زیاتر لە پێستی بەری دەستەكاندا بەدی دەكرێت. زەردهەڵگەڕانی رەنگی پێست لەبەر زیادبوونی ماددە كارۆتینۆنییەكان شتێكی كاتییە و لەگەڵ كەمكردنەوەی خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە كارۆتینۆدەكان لەخۆیەوە نامێنێت. ئەوەش ماوە بڵێین كە یەك دانە گێزەری مام ناوەندی تەنیا نزیكەی 6 میللیگرام بیتاكارۆتین لەخۆدەگرێت.