خۆراكی خێرا Fast food ئەگەرچی هەموو سووچێكی جیهانی گرتۆتەوە، بەڵام ناوبانگێكی تەندروستی خراپی هەیە چونكە وزەیەكی زۆر، لەگەڵ رێژەیەكی بەرزی چەوریی خراپ و خوێ لەخۆدەگرن لەگەڵ كەمتری رێژە لە مادە خۆراكییە پێویست و گرنگەكان. ئەگەری كەمی پاكوخاوێنی لە شوێنەكانی ئامادەكردنی خۆراكی خێرا، مانەوەی خۆراكەكان بۆ ماوەیەكی زۆر و بەردەوام یان چەندین جار گەرمكردنەوەیان بە بێ گرنگیدان بە بەهای خۆراكی دوو خاڵی نێگەتیڤی پەیوەستن بە خۆراكی خێرا. خۆراكی خێرا زیاتر لە لایەن منداڵ و هەرزەكارانەوە پەسەند دەكرێت، تەكتیكەكانی رێكلامكردن بۆ خۆراكی خێرا كاریگەری زۆری هەیە بەتایبەتی لەسەر منداڵ و مێردمنداڵ و نەوجەواناندا. ئایا هەموو جۆرەكانی خۆراكی خێرا ناتەندروستییانەن؟ بەڵێ زۆربەیان، بەڵام چۆنییەتی ئامادەكردنی هەر جۆرێكی خۆراكی خێرا رۆڵێكی گەورەی هەیە لە ئاستی بەهای خۆراكیدا. لەبەر ئەوەی كە هەموو جۆرەكانی خۆراكی خێرا وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرن بۆیە زیاد خواردنیان دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی. زۆربەی هەرە زۆری جۆرەكانی خۆراكی خێرا وەكو فینگەر جیبس، ماكدۆناڵدز، هامبرگر، كەنتاكی، پیتزا..تاد چەورییە نێوەندەكان Trans fats لەخۆدەرگرن كە لە لەشدا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL و دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL لە خوێندا، بەمەشەوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ زیاتر دەبێت.