ئایا زیاد دانیشتن قەڵەوت دەكات یان قەڵەوی هۆكارە بۆ زیاد دانیشتن؟

ئایا زیاد دانیشتن قەڵەوت دەكات یان قەڵەوی هۆكارە بۆ زیاد دانیشتن؟
گەلێك كەس پێیان وایە كە دانیشتن هەستی برسیبوون بەلاوە دەنێت، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد دانیشتن هانی زیادبوونی ئارەزووی خواردن دەدات، بۆیە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش قەڵەوی دێتە پێشەوە. كەسانی قەڵەو بەگشتی خاوەن لیاقەیەكی نزمن، زوو ماندوو دەبن، زوو پشوو دەدەن، ماوەی پشوودانیان زیاترە لە ماوەی جوولەیان، هەروەها زیاتر لە كەسانی تر دادەنیشن. لە نوێترین لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد دانیشتن بۆ ئەو كەسانەش زیانبەخشە كە بە بەردەوامی مەشقی وەرزشی ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە مەشقی وەرزشی راكردنی رۆژانە بۆ ماوەی 60 خولەك هەرگیز قەرەبووی زیانەكانی دانیشتنێكی بەردەوام بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ناكاتەوە. لەكاتی دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر، ماسوڵكەكان كەمتر چەوری دەسووتێنن، هەروەها جوولەی خوێن سست دەبێت، ئەمانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفتی تەندروستیی تر زیاد دەكەن. ئەمەش راستییەكی زانستییە كە زیاد دانیشتن پەیوەندی بەهێزی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، گەورەبوونی كەرش، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی كە ئەمەش بە دەوری خۆی ئەگەری كۆمەڵێك ئاڵۆزی تەندروستی لێدەكەوێتەوە كە شێرپەنجەش دەگرێتەوە بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. لە هەردوو حاڵەتدا، زیاد دانیشتن زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، دەگووترێت كە تەندروستیی قەڵەوێكی ئاكتیڤ باشترە لە تەندروستیی كەسێكی قەڵەوی تەمەڵ.
Top