ئەمە روونە كە شووشتنی ددانەكان گرنگی زۆری هەیە، بەڵام ئایا تۆ بە شێوەیەكی دروست و زانستییانە ددانەكانت دەشۆیت؟ شووشتنی ددانەكان هەر ئەوە نییە كە بە فڵچە و مەعجون بیانشۆریت بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە چۆن دەیانشۆریت، كام جۆری فڵچە و كام جۆری مەعجون ددان بەكاردەهێنیت و چەند كاتی بۆ تەرخان دەكەیت. زۆربەی خەڵك ددانەكانیان زۆر بە توندی و زۆر بە خێرایی و بۆ ماوەیەكی كەم دەشۆن بۆیە هەندێك شوێن بەر فڵچە ناكەوێت واتە هەندێك شۆین لە ددان و كەلێنەكان پاك نابنەوە. جگە لە ددانەكان، پوك و زمانیش بە نەرمی داماڵە بە گۆشەی 45 پلە و بە جوولەیەكی بازنەیی بۆ10 جار لە هەر شوێنێكی دانانی فڵچەدا، پاشان فڵچەكە بگوازەوە و بە هەمان شێوەی سەرەوە بیجوولێنە، ئینجا دیوی ناوەوەی ددانەكان و پوك بە هەمان شێوە بشۆ. جوولاندنەوە بۆ پێش و پاش تەنها لەسەر ددانە هاڕەڕەكاندا ئەنجام بدە. وا باشترە كە ماوەیەكی كاتی باش بۆ شووشتنی ددانەكانت تەرخان بكەیت، پسپۆڕانی ددان شووشتنی ددان بۆ ماوەی 2 خولەك رێنمایی دەكەن، بەلای كەم رۆژانە دوو جار، جارێكیان لەپاش ژەمی خۆراكی بەیانیان و جارەكەی تریش پێش نووستن. لە رووی جۆری مادەی فڵچە و رەقی و نەرمییەوە، سێ جۆر فڵچەی ددان لە بازاڕەكاندا هەیە: فڵچەی نەرم Soft، فڵچەی مام ناوەندی Medium، فڵچەی رەق Hard. بە پێی سروشتی پوكت جۆری فڵچە هەڵبژێرە، بۆ نموونە فلچَەی رەق بۆ پوكی بەهێز، فڵچەی نەرم بۆ پوكی لاواز و هەستیار. بە گوێرەی مەعجون ددانیشەوە، ئەو جۆرە هەڵبژێرە كە مادەی فلۆرایدی Fluoride تێدایە، مەعجونی پزیشكی تەنیا بە پێی رێنمایی دكتۆری ددان بەكاربێنە.