خەمۆكی Depression نەخۆشییەكی دەروونی سەختە و كاریگەری نێگەتیڤی توند دەكاتە سەر هەست و چۆنیەتی هەڵسوكەوت و شێوەی بیركردنەوە. خۆشبەختانە خەمۆكی دەتوانرێت بە باشی چارەسەربكرێت. خەمۆكیی ئافرەت هۆكارە بۆ چەندان گرفتی فیزیكی و كاریگەری نەرێنی زۆر دەكاتە سەر تواناكان و كاروپیشە لە ماڵ و لە دەرەوەی ماڵدا. خەمۆكی، ئەو نەخۆشییە دەروونییەی كە بەبێ جیاوازی لە هەموو كۆمەڵگا و هەموو ئاستە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدی دەكرێت و لەوانەیە هەر كەسێك لە هەر تەمەنێكدا دوچاری بێت، بەڵام ئەمە روونكراوەتەوە كە ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری دەبێت تا رێژەی 1:2. خەمۆكیی ئافرەت زیاتر لە تەمەنی هەرزەكاری و لەكاتی سووڕی مانگانەدا سەرهەڵدەدات، ئەمەش لەوانەیە كە پەیوەندی بە هەڵبەزین و دابەزینی چەند هۆرمۆنێكەوە هەبێت كە بەرپرسن لە روودانی سووڕی مانگانەی ئافرەت. لەوانەیە یەك یان پتر لە نیشانەكانی خەمۆكی بەیەكەوە سەر هەڵبدەن كە بریتین لە: دڵتوندییەكی بەردەوام و نەمانی حەز و ئارەزووەكان بەگشتی، زیادبوون یان كەمبوونەوەی كێشی لەش لەبەر كەمبوونەوە یان زیادبوونی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە هیلاكی و بێ تاقەتی، سەرئێشە یان پشت ئێشە، هەستكردنێكی بەردەوام بە تاوان كە لە جێی خۆیدا نییە Inappropriate Guilt، تێكچوونی خەو بە شێوەی پچربوونی خەو یان زوولەخەو هەڵسانەوە بەیانیان كە ئیتر تووشبوو ناتوانێ دووبارە بچێتەوە خەو، نەمانی تەركیز و تێبینیی ورد، بیركردنەوەی بەردەوام لە مردن و خۆلەناوبردن، هەستكردن بە بێ بەهایی و نائومێدی.