شیرینی كەمتر، پێستێكی جوانتر

شیرینی كەمتر، پێستێكی جوانتر
ئایا دەزانی كە زیاد خواردنی كێك، قەنادی، یان هەر جۆرێكی دیكەی شیرینی هۆكارە بۆ گەورەبوونی چێوەی كەمەر و لەدەستدانی جوانیی لەش. گەلێك كەس ئەو دەپرسن كە شەكر چۆن زیان بە پێست دەگەیەنێت؟ شەكر بە چەندان رێگا زیان بە پێست دەگەیەنێت، یەكێك لەم رێگایانە بریتییە لە زیادكردنی ئاستی هەوكردن لە لەشدا.كە شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە پاش خۆراكێكی دەوڵەمەند بە كاربۆهیدرات ئەوا ئاستی هەوكردن Inflammation لە لەشدا زیاد دەكات، ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر هەموو ئەندامەكان كە پێستیش دەگرێتەوە بە شێوەی گرژبوون و سووربوونەوە و ئاوسان. پاش خواردن و هەرسبوونی هەر جۆرێكی شەكر، ئەوا شەكری گلوكۆز پەیدادەبێت و دەچێتە ناو خوێن Glycation، پاشان شەكری گلوكۆز لەگەڵ كۆلاجین Collagen یەكدەگرێت، كۆلاجین ئەو ریشاڵە پرۆتینیەیە كە لاستیكیی و توندیی و نەرمیی پێست دەپارێزێت، كە بڕێكی زۆری گلوكۆز بە كۆلاجینەوە دەنووسێت ئەوا لاستیكییەكەی لەدەست دەدات و رەق دەبێت. پێست 3جۆری كۆلاجین لەخۆدەگرێت، گلوكۆز جۆری سێیەم Type III لاواز دەكات كە بەهێزترین جۆرەكانی كۆلاجینی پێستە، بەمەشەوە پێست دوچاری شۆڕبوون و لۆچبوونی دەبێت. ئاستی بەرزی گلوكۆزی خوێن هۆكارە بۆ وشكبوونی پێست، ئەمەش لە لایەكی ترەوە ئەگەری لۆچبوونی پێست زیاد دەكات، بۆیە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە بەردەوام دوچاری وشكبوونی پێست دەبن. ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئاستی بەرزی شەكری خوێن دژەئۆكسانەكانی پێست كەم دەكاتەوە كە رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر.
Top