خەمۆكی و غەم لە یەكتر جیاوازن

خەمۆكی و غەم لە یەكتر جیاوازن
مردنی كەسێكی ئازیز، لەدەستدانی كار و پیشە، جیابوونەوەی هاوسەران، كارەسات ..تاد بە شێوەیەكی ئاسایی دەبنە هۆی هەستكردن بە غەم و پەژارە Sadness and Grief، بەڵام گەلێك كەس وەكو كاردانەوەی توند بەرانبەر بەم حاڵەتانە هەستەكانیان بە وا دەردەبڕن كە دوچاری خەمۆكی بووبن. لە راستیدا هەست و كاردانەوە بۆ ئەم رووداوانە هەرگیز لە لایەنی پزیشكیی دەروونناسییەوە بە خەمۆكی Depression هەژمار ناكرێت. پێویستە ئەمە بزانرێت كە هەرگیز خەمۆكی و غەم هەمان شت نین، ئەگەرچی هەندێك نیشانە و دەربڕین لە هەردوو حاڵەتدا بەدی دەكرێن، بەڵام لە رووی توندی و ماوەی بەردەوامبوون و نیشانەی ترەوە جیاوازی زۆریان هەیە. لە حاڵەتی غەمدا، دڵتوندی دێ و دەڕوا و هاوكاتە لەگەڵ یاد و بیركردنەوەی پۆزەتیڤانە، كەچی لە خەمۆكیدا مەزاج دادەبەزێت و هەموو ئارەزوو و چاڵاكییەكان بە توندی كەم دەبنەوە بەلای كەم بۆ ماوەی زیاتر لە2 هەفتە. لە خەمۆكیدا تووشبوو هەست بە بێ بەهایی Worthlessness دەكات، كەچی ئەمە هەرگیز لە حاڵەتی غەمدا بەدی ناكرێت. هەندێك جار كە غەم و خەمۆكی بەیەكەوە روودەدەن، ئەوا غەم توندتر و ماوە درێژتر دەبێت. بەڵام ئەمەش راستییەكی زانستییە كە غەمی توند و نەبوونی توانا بۆ زاڵبوون بەسەریدا هۆكارە بۆ تووشبوون بە خەمۆكی.
Top