مۆبایل بۆتە بەشێكی گرنگ و نەپچراوی ژیانی رۆژانە، چونكە رێگایەكی خێرایە بۆ پەیوەندیكردن و چوونە ناو كۆمەڵگا لەگەڵ ئازادی لە كۆكردنەوەی زانیاری، یاری ڤیدیۆیی، كردنەوەی ئینتەرنێت و فەیسبووك و سایتە كۆمەڵایەتییەكانی تر..تاد. وشەی راهاتن Addiction زیاتر بۆ ئەلكهول و دەرمان بەكاردێت، بەڵام پاش ئەوەی كە راهاتن لەسەر ئینترنێتیش تۆماركرا، ئێستا لێكۆڵینەوەكان باس لە راهاتن لەسەر مۆبایل دەكەن Cell phone addiction. بەپێی ئامارەكان، قۆتابییانی زانكۆ رۆژانە بە تێكڕایی 9 كاتژمێر مۆبایل بەكاردێنن، یان وردتر بڵێین كچ 10 كاتژمێر وكوڕ 8 كاتژمێر. لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای مۆبایل و فرمانی زیاتر، ئەگەری راهاتن لەسەر مۆبایل خەریكە سەرهەڵدەدات. بوونی چەند تایبەتمەندییەك(مواسەفات) لە هەندێك جۆری مۆبایلدا هاندەرە بۆ راهاتن كە تا رادەیەك لە هەر دوو رەگەزدا جیاوازی هەیە. راهاتن لەسەر مۆبایل وادەكات كە بەرنامە و كاتەكانی ژیانی رۆژانەت بشێوێت، بۆ نموونە كاتی خواردن و نووستن و خوێندن و كارە رۆتینیەكانی رۆژ هەموویان دەشێوێن لەگەڵ گوێ نەدان بە گەلێك ئەرك كە ناكرێ دوابخرێن. نابێ ئەمەش لە یاد بكرێت كە زیاد بەكارهێنانی مۆبایل دەبێتە ئەگەری ئازاری مل و سەرئێشە، چاوئێشە، ئازاری و قۆڵ و باسك، هەروەها لە قوتابییاندا كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر خوێندن. وا چاوەڕوان دەكرێت كە لێكۆڵینەوەكانی ئایندە هێڵی جیاكەرەوەمان بۆ دیار بكەن لە نێوان سوود و زیانەكانی مۆبایل بەتایبەتی راهاتن.