دابەزاندنی كێشی لەش ئازاری ئەژنۆ كەم دەكاتەوە

دابەزاندنی كێشی لەش ئازاری ئەژنۆ كەم دەكاتەوە
جومگەكانی ئەژنۆ زۆر گرنگن بۆ زۆربەی چاڵاكییەكانی ژیانی رۆژانەمان. هۆكاری سەرەكی ئازاری بەردەوامی جومگەی ئەژنۆ داڕوشان یان سەوەفانە Osteoarthrosis، ئەم حاڵەتەش تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی نییە، بۆیە پێویستە كە چەند هەنگاوێك بگرێنە بەر بۆ كەمكردنەوەی ئازار و سووككردنی نیشانەكانی تر بە مەبەستی ئەنجامدانی چاڵاكی رۆژانە بە شێوەیەكی ئاسایی. كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكانی پاراستنی ئەژنۆكان و كەمكردنەوەی ئازاری سەوەفان لەوكاتەی كە كێشی زیاد و قەڵەوی هۆكارێكی زەقە لەپاڵ زیادبوونی پەستان لەسەر جومگەی ئەژنۆ و زیادبوونی هەوكردن Inflammation، ئەمانەش هۆكارن بۆ داڕوشان و تێكشكانی چینی كڕكڕاگەیی سەر ئێسكە هاوبەشەكانی جومگەی ئەژنۆ. لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكە كە تەنانەت 2 كیلۆگرام كێشی زیادی لەش نزیكەی 8 كیلۆگرام قوڕسایی یان پەستان دەخاتە سەر ئەژنۆكان، هەروەها 5 كیلۆگرام كێشی زیادی لەش نزیكەی 20 كیلۆگرام قوڕسایی دەخاتە سەر ئەژنۆكان. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بە ونكردنی هەر 5 كیلۆگرامێك كێشی لەش ئەگەری سەوەفانی جومگەی ئەژنۆ تا رێژەی نزیكەی 50% كەم دەبێتەوە. ئەوە زۆر گرنگە كە كۆنترۆلكردنی كێشی لەش تەنیا لەژێر چاودێری نزیكی دكتۆردا بێت، چونكە مەشقی فیزیكی نەگونجاو لەوانەیە كە داڕوشانی جومگەی ئەژنۆ سەختتر بكات، ئەوكاتە تووشبوو ناتوانێت كە لەسەر بەرنامەی دابەزاندنی كێشی لەش بەردەوام بێت، بەمەشەوە توانای ئەنجامدانی چاڵاكییەكانی ژیانی رۆژانەی بە درێژایی تەمەن لەدەست دەدات.
Top