بۆچی ڤیتامین A بۆ ئافرەتی دووگیان پێویستە؟

بۆچی ڤیتامین A بۆ ئافرەتی دووگیان پێویستە؟
ڤیتامین A رۆڵێكی گرنگی هەیە لەكاتی دووگیانیدا بۆ گەشەكردنی چەند بەشێكی كۆرپە وەكو: چاوەكان، پەلەكان، پێست، پەردە لینجەكان، ئێسك، هەروەها ئەم ڤیتامینە رۆڵی هەیە لە بەهێزكردنی بەرگری لەش دژی هەوكردنەكان. جگە لەمانە، ڤیتامین A نەكگ تەنیا بۆ كۆرپە بەڵكو بۆ دایكیش زۆر گرنگ و پێویستە، بۆ نموونە پاش منداڵبوون بۆ زووتر چاكبوونەوەی شانەكان و پاراستنی چاوەكان و بینێكی باش، لەگەڵ بەهێزكردنی بەرگری لەش بەرانبەر بە میكرۆبەكان. لەكاتی دووگیانیدا پێویستی رۆژانەی ڤیتامین A تەنیا 770 مایكرۆگرامە، لەكاتی شیرداندا پێویستی رۆژانەی ئافرەت پتر دەبێت بۆ 1300مایكرۆگرام. ڤیتامین A لە گەلێك خۆراكدا هەیە لەمانە: گۆشت، ئەلبان، ماسی، هێلكە، سەوزە و میوە (بە شێوەی بیتا كارۆتین) وەكو پەتاتە، گێزەر، سپێناغ، كولەكەی زەرد Pumpkin. ئەگەر خۆراكی رۆژانە هاوسەنگ و جۆراوجۆر بێت، هەرگیز پێویست ناكات كە ئافرەتی دووگیان ڤیتامین A بەشێوەی دەرمان وەربگرێت، بەهەرحاڵ باش نییە كە بڕی رۆژانەی ڤیتامین A لە 3000 مایكرۆگرام زیاتر بێت چونكە زیادبوونی ئەم ڤیتامینە لە لەشی ئافرەتی دووگیاندا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سەقەتی زگماكی و ژاراویكردنی جگەر. هەروەها پێویستە كە ئافرەتی دووگیان دووركەوێتەوە لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە بۆ چارەسەركردنی زیپكەی گەنجێتی بەكاردێن وەكو رێتین A Retin- و ئایزۆتریتینۆین Isotretinoin، چونكە رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین A لەخۆدەگرن.
Top