وشكبوونی لێو پەیدادەبێت لە ئەنجامی ونكردنی شێداری لەبەر كەمبوونەوەی شلەی لەش Dehydration یان بەركەوتنی زۆر بە تیشكی خۆر یان بەركەوتنی زۆر بە با و هەوای گەرم، هەندێك جار وشكبوون و قڵیشانی لێوەكان حاڵەتێكی سەختی لەپاڵە. بۆ نموونە ئەگەر وشكبوونی لێو هاوكات بێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، سووربوونەوەی چاو، ئاوسانی لیمفە گرێیەكان، سووربوونەوە و ئاوسانی پێستی دەست و پێیەكان، ئەوا مانای سەرەتای نەخۆشی كاواساكی Kawasaki دەگەیەنێت كە زیاتر لە منداڵانی تەمەن 2-5 ساڵیدا بەدی دەكرێت و لەوانەشە ببێتە ئەگەری چەند گرفتێكی دڵ. گەلێك جاریش وشكبوون و قڵیشانی لێو سەرهەڵدەدات لەبەر كەمی ڤیتامینەكانی B بەتایبەتی ڤیتامین B2 و B9 كە ناسراوە بە ترشی فۆلییك Folic acid، ئەم حاڵەتە زیاتر لە كەسانی بەساڵاچوودا بەدی دەكرێت بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكاندا، هەروەها كەسانی راهاتوو لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول.هەناسەوەرگرتن لە رێگای دەمەوە، زیاد تەڕكردنی لێوەكان بە لیكی دەم هۆكاری ترن بۆ وشكبوونی لێو. جگە لە دۆزینەوەی هۆكار و چارەسەركردنیان، خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو رۆڵی هەیە لە زوو چاكبوونەوە هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی مەرهەمی تایبەت بە لێو Lip balms بۆ پاراستنی شێداری لێو.