خوێندنەوەی ئامێری پەستانی خوێن چیمان پێدەڵێت؟

خوێندنەوەی ئامێری پەستانی خوێن چیمان پێدەڵێت؟
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، هۆكاری سەرەكی جەلتەی مێشكە، مەیلێكی بۆماوەیی هەیە، تا ئێستا هۆكاری راستەقینەی تووشبوون بە تەواوی نەدۆزراوەتەوە، هیچ نیشانەیەكی دیاریكراوی نییە تا ئەوكاتەی كە دەبێتە هۆی پەیداكردنی ئاڵۆزیی تەندروستی، تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی نییە، تووشبوو پێویستە كە بە درێژایی تەمەن پابەند بێت بە بەكارهێنانی دەرمان و پارێزی خۆراكی. ئەو مەسەلەیە زۆر گرنگە كە پێویستە پەستانی خوێن تەنیا لە لایەن دكتۆر بپێورێت و تەنیا ئەو بڕیار لەسەر دەستنیشانكردن و تەرخانكردنی دەرمان بدات. پسپۆرانی تەندروستی لەسەر پێناسەكردنی پێوانەی جیاوازی پەستانی خوێن رێككەوتوون بەم شێوەیە: دابەزینی پەستانی خوێن واتە پەستانی كەمتر لە 89/50 ملم جیوە mmHg، پەستانی خوێنی ئاسایی واتە كەمتر لە 120/80 ملم جیوە، قۆناغی نزیك یان پێش تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن واتە 120-139/80-89 ملم جیوە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی (سووك Mild) واتە 140-159/90-99 ملم جیوە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی (مامناوەندی Moderate) واتە 160-179/100-109 ملم جیوە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی (سەخت Severe) واتە زیاتر لە 180/110 ملم جیوە. گەلێك كەس ئەم پرسیارە دەكەن كە كەی یان چەند چەند پێویستە پەستانی خوێن بپێورێت، زۆربەی پسپۆران لەگەڵ ئەوەدان كە پێویستە بەلای كەم ساڵانە پەستانی خوێن بەسەربكرێتەوە. لەوانەیە كە پێوانەی پەستانی خوێن لە ئامێرێكەوە بۆ ئامێرێكی تر جیاوازیی زۆری هەبێت.
Top