ئارەقەكردنی شەوانە Night sweating حاڵەتێكی باوە لەئافرتدا. باوترین هۆكار بریتییە لەهەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، ئەمەش لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا روودەدات: پاش منداڵبوون، بەكارهێنانی حەبی رێگرتن لەدووگیانی(حەبی مەنع)، قۆناغی نزیك گەیشتن بە وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، قۆناغی یەكجارەكی وەستانی سووڕی مانگانە Menopause. لەم حاڵەتانەدا، ئارەقەكردنی شەوانە لەوانەیە كە سووك بێت یان هێندە قورس بێت كە جلەكانی ژێرەوە تەڕبكات. زیانی لابەلای هەندێك دەرمان هۆكارێكی ترە بۆ ئارەقەی شەوانە لە ئافرەتدا،بۆ نموونە دەرمانی دژەخەمۆكی بە رێژەی 22%ی لە بەكارهێنەراندا ئارەقەی شەوانە پەیدادەكات. هۆكارەكانی تر: دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، بەكارهێنەرانی ئینسولین یان دەرمانی دابەزاندنی شەكر لە نەخۆشانی شەكرەدا دوچاری دابەزینی ئاستی شەكری خوێن دەبن لەكاتی شەودا كە هاوكات دەبێت لەگەڵ ئارەقەكردندا، لەوانەشە كە ئارەقەكردنی شەوانە نیشانەیەك بێت بۆ بوونی نەخۆشی یان هەوكردن لە بەشێكی لەشدا، بۆ نموونە هەر هەوكردنێكی بەكتریایی، نەخۆشی سیل، ئایدز، شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی سیستمی لیمف (لیمفۆما Lymphoma).