گەنمەشامی كۆلیسیتیرۆل دادەبەزێنێت

گەنمەشامی كۆلیسیتیرۆل دادەبەزێنێت
گەنمەشامی Popcorn چەندین ماددەی دژەئۆكسان Antioxidants لەخۆدەگرێت لە جۆری پۆلیفینۆلەكان Polyphenolsكە گرنگی تەندروستی زۆریان هەیە بەتایبەتی بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجە و پاراستنی دڵ لە نەخۆشی. گەنمەشامی وەكو دانەوێڵەیەكی تەواو Whole grain هەژمار دەكرێت كە بەهایەكی خۆراكی فەرامۆش نەكراوی هەیە بەوەی كە رێژەیەكی بەرزی لە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵی تێدایە. ڤیتامینەكانی گەنمەشامی بریتین لە ڤیتامین B1 كە گرنگە بۆ كرداری زیندەپاڵی (میتابۆلیزمی) ماددە كاربۆهیدراتییەكان، ڤیتامین B5 كە چەندین فرمانی گرنگی لە لەشدا هەیە، فۆلێت Folate كە بۆ دروستكردنی خانەی نوێ لەش سوودی لێ وەردەگرێت و گرنگی زۆری هەیە لە پێش دووگیانی و لەكاتی دووگیانیدا بۆ پاراستنی كۆرپە لە سەقەتیی زگماكی، ڤیتامین C كە ماددەیەكی دژەئۆكسانی بەهێزە و سوودی هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش بەتایبەتی بەرگری بەرانبەر بە هەوكردنەكان. رێژە بەرزەكەی ریشاڵ لە گەنمەشامیدا دەگاتە 18%ی پێویستی رۆژانەی مرۆڤێكی پێگەیشتوو كە بریتییە لە 25-35 گرام. ریشاڵی رووەكی هەستی تێربوون دەبەخشێت و ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن كەم دەكاتەوە. هەروەها خواردنی گەنمەشامی یارمەتیدەرە بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەدا.
Top