هۆكاری تەزینی پێیــــــەكان لە زستاندا

هۆكاری تەزینی پێیــــــەكان لە زستاندا
لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرمی لە زستاندا، لەش زیاتر خوێن لە پەلەكانەوە بۆ بەشە گرنگەكان پاڵ دەنێت، ئەمەش تەنیا لەو كەسانەدا دەبێتە گرفت كە نادروستییان هەیەلە لێشاوی خوێن بۆ پێیەكان. تەزینی یان سڕبوونی پێ، یان هەستكردن بەوەی كە پێیەكان ساردن و بە ئاسانی گەرم نابنەوە بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا حاڵەتێكی باوە بەتایبەتی لە نێو ئافرەت و بەساڵاچوواندا. هۆكارە سەرەكییەكانی تەزینی پێیەكان بریتین لە: كەمبوونەوەی هاتوچۆی خوێن یان گرفت لە كۆئەندامی دەمار، سستبوونی گلاندی دەرەقی و بەركەوتنی پێیەكان بە ساردییەكی زۆر، گەزەی ساردی Frostbite یان برینی ساردی كە دەبێتە هۆی رەش هەڵگەڕانی پەنجەكانی پێ و ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت ئاكامی خراپی لێدەكەوێتەوە چونكە لەوانەیە كە تەنیا بە بڕینەوەی پەنجەكان یان بەشێكی پێ چارەسەربكرێت، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر واتە دەمارەكانی دوور لە پەتكە دەمار كە زیاتر وەكو ئاڵۆزییەكی نەخۆشی شەكرە روودەدات، نەخۆشی بێرگەر Burger’s disease كە لە جگەرەكێشاندا بەدی دەكرێت، هەستەوەری بەرانبەر ساردی یان دیاردەی رەیناود Raylaud’s phenomenon كە بریتییە لە كاڵبوون یان شین هەڵگەڕان یان سووربوونەوەی پەنجەكانی پێ لەگەڵ بەركەوتن بە ساردی، هەروەها گرفتی هۆرمۆنی، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. هۆكارێكی گەورەی تری تەزینی پێ بریتییە لە نەخۆشی لە خوێنبەر و خوێنهێنەرەكانی دەروبەر PVD واتە لوولە خوێنەكانی دوور لە دڵ بۆ نموونە هەوكردن و رەقبوونی خوێنبەرەكان. هۆكارەكانی تر: نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی گورچیلە، خزینی كڕكڕاگەی نێوان بڕبڕەكانی پشت زۆر جار جگە لە پشت ئێشە دەبێتە هۆی ئازار یان سڕبوونی پێیەكان كە گەلێك جار هەتا پەنجەكانی پێ دەگرێتەوە.
Top