مامەڵەی دروست لەگەڵ هەڵامەتدا بكە

مامەڵەی دروست لەگەڵ هەڵامەتدا بكە
لەگەڵ هاتنی سەرمای زستان رێژەی تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەبێت، بۆیە پێویستە كە ئاشنابین بە مامەڵەی دروست لەگەڵیدا. هەڵامەت Common cold بریتییە لە هەوكردنێكی تیژی ڤایرۆسی رێڕەوی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە بەتایبەتی لووت. هەڵامەت زۆر بە خێرایی لە رێگای هەناسە دەگوازرێتەوە، بەگشتی لە ماوەی 7- 10رۆژ لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە. لەبەر ئەوەی كە بەردەوام ڤایرۆسی نوێی هەڵامەت پەیدا دەبن، لەش هەرگیز ناتوانێت كە بەرگرییەكی درێژخایەن بەرانبەر بە هەموو جۆرەكانی ڤایرۆسی هەڵامەت پەیدا بكات، بۆیە هەڵامەت بۆتە گرفتێكی تەندروستی بەردەوام. تا ئێستا هیچ دەرمانێك بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی هەڵامەت لەبەردەستدا نییە، هەموو ئەوەی كە دەكرێت بریتییە لە سووككردنی نیشانەكان تا تەواوبوونی كۆرسی هەڵامەت، بۆ نموونە حەسانەوە و خواردنەوەی بڕێكی زۆری شلە، سپرای قوڕگ، شروبی كۆكە، دڵۆپ بۆ كەمكردنەوەی گیرانی لووت لەگەڵ دەرمانی دژەهیستامین بە شێوەی دڵۆپی لووت یان حەب. هەروەها هەڵمژینی هەڵمی ئاو لەوانەیە كە نیشانەكانی هەڵامەت سووك بكات. بۆ كەمكردنەوەی ئازار و دابەزاندنی پلەی گەرمی لەش، دەرمانی دژەئازاری وەكو پاراسیتۆل یان برۆفین سوودیان لێ وەردەگیرێت. لە منداڵان و هەرزەكارانی ژێر تەمەنی 16 ساڵی، هەرگیز نابێت لەكاتی هەڵامەتدا ئەسپرین بەكاربهێنرێت چونكە لەوانەیە كە مەترسی بۆ ژیانیان پەیدابكات. پاراستنی پاكوخاوێنی و زوو شووشتنی دەستەكان گرنگی زۆری هەیە لە زوو چاكبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكانی هەڵامەت.
Top