هەوكردنی لەوزەكان Tonsillitis باوترین نەخۆشییە كە دوچاری لەوزەكان دەبێتەوە لە هەر تەمەنێكدا، بەگشتی هەوكردنی لەوزەكان ئ دوو جۆری هەیە كە بریتین لە هەوكردنی بەكتریایی و هەوكردنی شانەكانی لەوزەكان بە ڤایرۆس. هەوكردنی لەوزەكان بە بەكتریا حاڵەتێكی باوە، جگە لە ئاوسان و سووربوونەوە چەندین پنتی یان چاڵی بچووك كە پڕن لە كێم لەسەر لەوزەكاندا بەدی دەكرێن. كەچی لە حاڵەتی هەوكردنی لەوزەكان بە ڤایرۆس، ئەوا لەوزەكان زیاتر دەئاوسێن و سووردەبنەوە لەگەڵ سووربوونەوەی شانەكانی دەورووبەریان. هەوكردنی لەوزەكان بە دەرمانی دژەژی بە تەواوی چارەسەردەكرێت، بەڵام لە هەندێك كەسدا زیاد دووبارە دەبێتەوە و هەندێك ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە لەوكاتەی كە هەوكردنی لەوزەكان دەبێتە سەرچاوە بۆ بڵاوبوونەوەی بەكتریا بۆ شوێنی تر، بە مانایەكی تر هەوكردنەكە دەبێتە درێژخایەن و هاوكات دەبێت لەگەڵ گرفتی تەندروستی تر، لێرەدا رۆل ی لابردنی لەوزەكان بە نەشتەرگەری دەبێتە چارەسەری گونجاو.
نەشتەرگەری لابردنی لەوزەكان Tonsillectomy بۆ ئەم حاڵەتانەدا پێویست دەكات:
• ئەگەر لە ماوەی ساڵێكدا 5- 6 جار هەوكردنەكە دوو بارە بێتەوە.
• ئەگەر تەنیا یەك لەوزە دوچاری ئاوسان و هەوكردن بووبێت.
• بوونی كیسەی كێم و كولبوون لە لەوزەدا.
• ئەگەر هەوكردنەكە هاوكات بێت لەگەڵ هەناسەتەنگی لەكاتی نووستندا.
• گرێ و كولبوون لە یەك لەوزەدا.
• ئەگەر پشكنینی خوێن بۆ رێژەی ASO بەرز بێت و بگاتە1400 یان 1800.
• ئەگەر هەوكردنی لەوزەكان ببێتە ئەگەری پرخە Snoring.
• هەوكردنی گورچیلە یان شانەكانی دڵ لە ئەنجامی هەوكردنی لەوزەكان.
• ئەگەر هەوكردنی لەوزەكان بووبێتە هۆی دواكەوتنی گەشە یان ئاوسانی لیمفە گرێیەكانی كۆئەندامی هەرس.