حەفتەمین هۆكاری كوێربوون لە جیهاندا

حەفتەمین هۆكاری كوێربوون لە جیهاندا
كەمی ڤیتامین A بە حەفتەمین هۆی كوێربوون Blindness لە قەڵەم دەدرێت پاش نەخۆشی ئاوی رەشی چاو و ئاڵۆزیەكانی نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جیابوونەوەی تۆڕەی چاو و زەبر بۆ چاوەكان و كولبوونی چینی كۆرنیای چاو. كەمی ڤیتامین A بە تایبەتی لە منداڵاندا ئەگەری كوێربوون زیاد دەكات . تا ئێستاش، لە گەلێك وڵاتدا بەتایبەتی لە وڵاتە هەژارەكان یان ئەو وڵاتانەی كە شەڕو نەهامەتیان تێدایە، كەمی ڤیتامین A لە لەشدا بە هۆیەكی زەقی كوێربوون دەژمێررێت، هەر چەندە كە خۆپاراستن لە كەمی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا كارێكی ئاسانە بە كەمێك هاوسەنگكردنەوەی خۆراك هەتا هاوسەنگكردن بە خۆراكی هەرزانیش .
ڤیتامین A زۆر گرنگە بۆ هەموو ئەندام و كۆئەندامەكان. ڤیتامین A زۆر پێویستە بۆ گەشەكردن و بۆ تەندروستیی چاوەكان. كاریگەری كەمی ڤیتامین A سەرەتا بە شێوەی شەوكوێری دەردەكەوێ پاشان كیراتینبوونی Keratinization چینی كۆرنیای چاو و كولبوونی ئەم چینە گرنگەی چاو، كە لە ئاكامدا دەبێتە ئەگەری كوێربوون. هەروەها ڤیتامین A رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی خانە رووپۆشەكانی پێست و شانەكانی رووپۆشی رژێنەكانی لیك و شانە ناوپۆشەكانی بۆڕی هەناسە و شانە ناوپۆشەكانی ریخۆڵەدا. بۆیە كەمی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا بەشێكی بەرگری لەش كە خۆی لە پاراستنی شانە رووپۆش و شانە ناوپۆشەكاندا دژی نەخۆشیدا دەنوێنێت كز و لاواز دەكات و لەش زیاتر رووبەڕووی پەلاماری میكرۆبەكان و هەوكردنەكان دەبێتەوە.
كەمی ڤیتامین A زیاتر لەو كاتانەدا روودەدات كە ڤیتامین A لە كۆگاكانی لەشدا بە تایبەتی لە جگەردا كەم دەبێتەوە و بە یەكجاری نامێنێت، چونكە لەش پێویستی زۆری پێی هەیە و ئەم بڕەی كە لە خۆراكەوە دەگاتە لەش پێویستی لەش بەم ڤیتامینە پڕناكاتەوە، جا یان لەبەر ئەوەی كە خۆراكەكە بڕێكی كەمی لەم ڤیتامینە تێدایە یانیش لەبەر ئەوەی كە هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە لە ریخۆڵدا شێواوە و بە باشی هەڵنامژرێتە ناو خوێن لەبەر بوونی نەخۆشی لە ریخۆڵەدا وەكو بەدهەڵمژین Malabsorption یان نەخۆشی تر. ڤیتامین A لە گۆشت و شیر و بەرهەمە ئاژەڵیەكاندا بە شێوەی رێتینۆل Retinol هەیە، هەروەها لە كەرە و هێلكە و ماست و سەرتووشدا هەیە، كەچی ڤیتامین A لە خۆراكە رووەكیەكاندا بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta Carotene لە گەلێك بەرهەمدا هەیە وەكو : گێزەر، پەتاتە، دانەوێڵە، سەوزە گەڵا تاریكەكان، میوە رەنگاوڕەنگەكان، بیبەری شیرین. هەڵمژینی بیتا كارۆتین لە ریخۆڵەدا پێویستی بە دەورووبەرێكی چەور هەیە چونكە ڤیتامین A تەنیا لە چەوریدا دەتوێتەوە و بۆ هەڵمژین ئاسان دەبێت.
كەمی ڤیتامین A لە منداڵاندا دەبێتە هۆی وشكبوونی چاو، وشكبوونی چاویش دوژمنێكی گەورەی چاوە و ئاكامی خراپی لێدەكەوێتەوە ب تایبەتی لە تەمەنی 6 مانگ تا 6 ساڵیدا. ئەمە روونە كە منداڵان زیاتر دوچاری هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە و گەدە و رێخۆڵە دەبنەوە، بۆیە ئەگەری كەمی ڤیتامین A لە منداڵان زیاترە لەوەی كە لە گەورەكاندا دەبینرێت، ئەمە جگە لەوەی كە كەمی ڤیتامین A لە لەشدا خۆی لە خۆیدا بەرگری منداڵ بەرانبەر بە نەخۆشییەكان و هەوكردنەكان لاواز دەكات. منداڵان لەم تەمەنەدا بەتایبەتی كوڕەكان زیاتر تووشی كەمی ڤیتامین A دەبنەوە، بۆیە مەترسی كوێربوونیان زیاتر لێ دەكرێت، هەروەها پاش كوێربوون بە هەفتەیەك ئەمجارە مەترسی مردنیان لێ دەكرێت لەبەر زیانە تەندروستیەكانی دیكەی كەمی ڤیتامین A لە لەشدا ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێن .
Top