هەموومان زیانەكانی جگەرەكێشان دەزانین و بۆ پاراستنی تەندروستیمان بە هەموو توانایەك هەوڵ دەدەین كە لێی دووركەوینەوە، بەڵام ئایا دەزانی كە چەند شتێكی تر هەن بە ئەندازەی جگەرەكێشان یان زیاتر زیانیان هەیە، بۆ نموونە زیاد دانیشتن، زیاد خواردنی گۆشت و پەنیر، ئامادەكردنی خۆراك بە گازی سروشتی، ئامادەكردنی خۆراك بە چەوریی نەگونجاو، هەروەها كەم خەوتن. دانیشتن بە درێژایی رۆژ هەتا ئەگەر مەشقی وەرزشیش ئەنجام بدەیت، هێشتا ئەگەری گەلێك گرفتی تەندروستی زیاد دەكات. زیاد خواردنی گۆشت و پەنیر باش نییە لەوكاتەی كە پرۆتینی ئاژەڵی ئەگەری گەشەی خانەی شێرپەنجەیی زیاد دەكات.ئامادەكردنی خۆراك بە فڕنی و (تەباخی) گازی سروشتی(گازی بتڵ) رێژەیەكی بەرزی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین و فۆرمەلدیهاید پەیدا دەكات، هەمان ئەم ماددانە لە دوكەڵی جگەرەدا پەیدا دەبن، بۆیە پێویستە كە هەواگۆڕییەكی باش هەبێت لە شوێنی بەكارهێنانی گازی سروشتیدا. ئامادەكردنی خۆراك بە چەوری نەگونجاو بۆ سووركردنەوەی خۆراك زیانبەخشە، بۆ نموونە گەرمكردنی چەوریی هایدرۆجینكراو تا پلەی بەرز بە مەبەستی سووركردنەوەی خۆراك، هەروەها زەیتی سۆیا Soyabean oil، چونكە دەبنە هۆی پەیدابوونی چەند ماددەیەكی زیانبەخشی وەكو ئەلدیهایدەكان Aldehydes و هایدرۆكاربۆنی تایبەت كە لە دوكەڵی جگەرەشدا هەن. خەوی پچڕ پچڕ یان كەم خەوتنی درێژخایەن هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نۆرەی دڵ، جەڵتەی مێشك، هەروەها قەڵەوی، ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئەو كەسانەی شەوانە كەمتر لە 6 كاتژمێر دەخەون دوچاری هەمان مەترسییەكانی جگەرەكێشان دەبنەوە.