گوێڕەپە چییە

گوێڕەپە چییە
گوێڕەپە Mumps نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، گلاندەكانی لیكیش دەگرێتەوە بەتایبەتی گلاندە گەورەكانی كە كەوتونەتە تەنیشت روومەتەكان یان بن گوێیەكان Parotid. ڤایرۆسی گوێڕەپە بە خێرایی دەگوازرێتەوە، 14-18 رۆژ پاش گەیشتی ڤایرۆسی گوێڕەپە ئینجا نیشانەكان دەردەكەون. نیشانەكان بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هەستكردن بە بێهیزی گشتی، سەرئێشە، ئازاری ماسوڵكە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، لەگەڵ ئازار و ئاوسان لە گلاندی بن گوێیەكان كە بەگشتی لە رۆژی سێیەمی نەخۆشییەكەدا بەدی دەكرێت. ئاڵۆزییەكانی گوێڕەپە بریتین لە هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis، هەوكردنی شانەكانی مێشك Encephalitis، هەروەها كەڕبوون. ئەگەرچی چارەسەری یەكجارەكی بۆ گوێڕەپە نییە، بەڵام بەگشتی لە ماوەی 10 رۆژدا لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە. بەكارهێنانی كەمادەی گەرم یان سارد بۆ گلاندی بن گوێیەكان رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئازار و ئاوسان، لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار. كوتان دژی گوێڕەپەكە لەگەڵ كوتانی سوورێژە و سوورێژەی ئەلمانیدا MMR بە شێوەی دەرزی بەكاردێت، تا رێژەی 80% كاریگەری هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون.
Top