گەڕیی Scabies نەخۆشییەكی گوازراوەی پێستە، بە هۆی مشەخۆرێكی بچووكەوە پەیدا دەبێت. گرنگترین نیشانەی نەخۆشی گەڕیی بریتییە لە خورشتێكی یەكجار سەخت كە زیاتر لە كاتی شەودا دەستپێدەكات، بۆیە گەڕیی بە هۆكاری سەرەكیی خورشی شەوانە هەژمار دەكرێت. مشەخۆری گەڕیی لە پێستدا تونێلی باریك و ناڕێك دروست دەكات كە كۆتاییەكەی دەبێتە بوڵقێكی بچووك ئینجا قەتماخە دەگرێت، مێیینەی ئەم مشەخۆرە لەناو تونێلەكانی پێستدا گەرا دادەنێت كە پاش ماوەیەك دەبنە مشەخۆری هەراش و تەواو. نەخۆشیی گەڕیی بە رێگای بەركەوتنی راستەوخۆ، بۆ نموونە بە بەیەكگەیشتنی سێكسی یان بە رێگای هاوبەشیكردن لە جلوبەرگ و پێخەف و خاولی دەگوازرێتەوە. نەخۆشی گەڕیی بە چەند دەرمانێكی تایبەت لەژێر چاودێری نزیكی دكتۆر چارەسەردەكرێت، لەگەڵ شووشتنی لەش و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن لە سەرین و پێخەف بە رێنمایی تایبەت، هەروەها ئەگەر لە خێزانێكدا تەنیا یەك كەس تووشی گەڕیی بووێت پێویستە كە هەموو ئەندامانی ماڵەوە لە یەك كاتدا هەمان چارەسەر وەربگرن، هاوكات لەگەڵ شووشتنی جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن بە ئاوی گەرم و سابوون، پاشان بەكارهێنانی ئوتووی گەرم.