هۆكاری سخبوونی جومگەكان پاش لەخەوهەڵسان

هۆكاری سخبوونی جومگەكان پاش لەخەوهەڵسان
سخبوونی جومگەكان لە ناوچەی مل، ئەژنۆ، یان پێیەكان لەكاتی بەیانیاندا حاڵەتێكی باوە. ئایا ئەم مەسەلەیە تەنیا پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە؟ لە راستیدا هەرگیز تەمەن تاكە هۆكار نییە لەپاڵ سخبوونی جومگەكان، بەڵكو پەیوەندی هەیە بە هەوكردنی جومگە، گرژبوونی ماسوڵكە، یان داڕوشانی جومگە(سەوەفان Osteoarthritis). لەگەڵ بەتەمەنداچوونی جومگەكاندا، گوشنی ئیسفەنجیی كڕكڕاگەی سەر ئێسكە بەشداربووەكانی جومگە دوچاری وشكبوون و سخبوون دەبن، واتە لووسییەكەیان كەم دەبێتەوە، هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی شلەی سروشتی ناو جومگە كە بەردەوام پێویستە بۆ تەڕكردن یان چەوركردنی جومگە، هەروەها ماسوڵكە و ژێیەكانی ماسوڵكە Tendons لاواز دەبن و لەكاتی نووستدا دوچاری گرژبوون دەبنەوە. بەگشتی، سخبوونی جومگەكان لەكاتی بەیانی پاش لەخەوهەڵسان بۆ ماوەی 10-15 خولەك بەردەوام دەبێت، پاشان بەرە بەرە پاش جوولە و گەرمبوونی جومگەكان سخبوونەكە كەم دەبێتەوە. سخبوون لەبەر هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوام دەبێت. ئەمە راستییەكە كە ناتوانرێت بەتەمەنداچوونی جومگە پێچەوانە بكرێتەوە، بەڵام دەتوانرێت كە بە چەند دەرمانێك ئازار و هەوكردن و سخبوونی جومگە كەم بكرێنەوە. هەروەها مەشقی وەرزشی سوودی زۆری هەیە بۆ سووككردنی ئازار و سخبوونی جومگەكان و زیادكردنی مرونە و بەهێزكردنی ماسوڵكەكان. لە لایەكی ترەوە، كۆنترۆلكردنی كێشی لەش فشار لەسەر جومگەكان كەم دەكاتەوە و سخبوونی جومگە سووك دەكات. ئەوە ماوە بڵێن كە تا ئێستا هیچ دەرمانێك لەبەر دەستدا نییە كە جومگە لە بەتەمەنداچوون بپارێزێت.
Top