لێكۆڵینەوەكان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە پرۆتینی ئاژەڵی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بەتایبەتی نۆرەی دڵ تا رێژەی 8% زیاد دەكات، بێگومان ئەم ئەگەرە زیاتر دەبێت بە بوونی فاكتەری تری وەكو جگەرەكێشان، كێشی زیاد یان قەڵەوی، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، لەگەڵ كەمی چالاكیی یان مەشقی فیزیكی. ئەمە روونكراوەتەوە كە پرۆتینی رووەكی ئەم ئەگەرە تا رێژەی 10% كەم دەكاتەوە.پسپۆرانی تەندروستی لەگەڵ ئەوەدان كە خواردنی گۆشتی سووری فرێش یان گۆشتی پرۆسێسكراو سنووردار بكرێت بە مەرجێك كە رۆژانە هەرگیز لە 70 گرام زیاتر نەبێت. هەروەها جەخت لەمەش دەكەنەوە كە سەوزەی جۆراوجۆر، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی، لەگەڵ دانەوىڵە لەجیاتی گۆشت ئەگەری مردنی پێشوەختە تا رادەیەكی بەرچاو كەم دەكەنەوە. ئەگەر ئەم بابەتە هانت بدات كە تەنیا خۆراكی رووەكی بخۆیت یان ببیتە كەسێكی رووەكی Vegetarian ئەوا پێویستە كە خۆراكت تا رادەیەكی زۆر جۆراوجۆر بكەیت و پاقلەی سۆیا لەخۆبگرێت كە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگە بۆ هەندێك جۆری پرۆتین كە لەوانەیە لە بەرهەمە رووەكییەكانی تردا نەبن.