ڤیتامین B12 كە بە ساینۆكۆبالامین Cyanocobalamin ناسراوە، رۆڵی هەیە لە دروستبوونی خانە و پاراستنی كۆئەندامی دەمار، هەروەها تێكشكاندنی چەند ترشە چەوری و پرۆتینێك. كەمی ڤیتامین B12 دەبێتە هۆی: جۆرێكی كەمخوێنی، هەستكردن بە ماندووبوون، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، لووسبوونی زمان، ناسكبوون و هەستیاربوونی پێست. بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوەی پزیشكی، كەمی ڤیتامین B12 لە ئافرەتی دووگیاندا لەوانەیە كە ببێتە هۆی تووشبوونی منداڵ بە نەخۆشی شەكرە لە تەمەنێكی دیاریكراودا. سەرچاوەكانی ڤیتامین B12 بریتین لە: ماسی، گۆشت، مریشك، شیر، هێلكە.لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەمی ڤیتامین B12 لەكاتی دووگیانیدا هۆكارە بۆ بوونی منداڵی قەبارە بچووك، هاوكات لەگەڵ ئاستێكی بەرزی كۆلیستیرۆل لە خوێنیدا، هەروەها ئاستێكی بەرزی بەرگری ئینسولین Insulin resistance كە ریسكی نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم زیاد دەكات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە كەمی ڤیتامین B12 پێوەندی هەیە بە گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنی لێپتین Leptin كە فرمانەكەی بریتییە لە گەیاندنی سیگناڵ بە مێشك سەبارەت بە هەستكردن بە تێربوون و پڕبوونی گەدە پاش ژەمی خواردن.