نزیكەی 15 كیلۆگرام كێشی لەش لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەكات

نزیكەی 15 كیلۆگرام كێشی لەش لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەكات
بە تێكڕایی لەكاتی دووگیانی ئاساییدا كێشی لەش 12- 15كیلۆگرام زیاد دەكات، ئەمەش لەبەر گۆڕانە فسیۆلۆژییە ئاساییەكانی پەیوەست بە دووگیانی روودەدات. زیادبوونی پتر لە 15- 17كیلۆگرام دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری لە لەشی دایك و لەشی كۆرپەدا. هەندێك جار ئافرەتی دووگیان كێشی زیاد دەكات لەبەر قەتیسبوونی Retention شلە لە لەشدا، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ فشاری منداڵدان بە قەبارە گەورەكەیەوە لەسەر لێشاوی خوێنی گەڕاوە لە قاچەكاندا بۆ دڵ. كەمی مەشقی وەرزشی و خۆراكی ناهاوسەنگ لەكاتی دووگیانیدا هۆكارێكی ترە بۆ زیادبوونی كێش زیاتر لە ئاستی ئاسایی. ئەو كێشەی لەش كە لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەبێت ئەگەر 13.5 كیلۆگرام بێت، ئەوا بەگشتی بەم شێوەیە دابەش دەبێت: كۆرپە 3.400 كیلۆگرام، ویڵاش 680 گرام، شلەی دەوری كۆرپە 900 گرام، گەورەبوونی منداڵدان 900 گرام، زیادبوونی قەبارەی خوێنی دایك 1.800 كیلۆگرام، زیادبوونی شلەكان لە لەشی دایكدا 1.800 كیلۆگرام، گەورەبوونی شانەكانی مەمك 900 گرام، زیادبوونی چەوری لە لەشی دایكدا 3.100 كیلۆگرام. لەبەر ئەوەی كە كۆنترۆلكردنی كێشی لەش لە دوا هەفتەكانی دووگیانی كارێكی ئاسان نییە، بۆیە ئافرەت دەتوانێت كە لە مانگەكانی سەرەتای دووگیانیدا بە رێنمایی دكتۆر كۆنترۆلی كێشی لەشی بكات.
Top