قۆناغی پێش نەخۆشیی شەكرە چییە؟

قۆناغی پێش نەخۆشیی شەكرە چییە؟
ئەگەر لە قۆناغی پێش شەكرە دابیت ئەوا ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ بەرزە. قۆناغی پێش شەكرە Pre-diabetes واتە كە ئاستی شەكری خوێن لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی كە بە نەخۆشی شەكرە هەژمار بكرێت. ئەوانەی كە لەم قۆناغەدان، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە لێدەكرێت لە ماوەی 10 ساڵدا ئەگەر ستایلی ژیانیان نەگۆڕن بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش و ئەنجامدانی مەشقی فیزیكی. لە تاقیگەدا، بەگشتی ئاستی شەكری خوێن لە خورینی FBS لە نێوان 100-125 ملگم/دێسیلیتر، هەروەها ئاستی شەكری خوێن لە نێوان 140- 199 ملگم/ دێسیلیتردا پاش 2 كاتژمێر لە تێستی بەرگەگرتنی گلوكۆزدا GTT بە قۆناغی پێش شەكرە هەژمار دەكرێت. هەروەها ئەگەر ئاستی شەكری خوێن لە خورینی لە 2 پشكنیندا بگاتە 126ملگم/دێسیلیتر یان زیاتر و لە هەر كاتێكی تردا بگاتە زیاتر لە 200 ملگم/دێسیلیتر ئەوا حاڵەتەكە بە نەخۆشی شەكرە هەژمار دەكرێت. ئەو هۆكارانەی كە ریسكی تووشبوون بە قۆناغی پێش شەكرە زیاد دەكەن بریتین لە: كێشی زیاد و قەڵەوی، تەمەنی 40 ساڵی و بەسەرەوە، كەمی مەشقی وەرزشی، بوونی مەیلی خێزانی بۆ نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەرەكێشان، كەمیی ئاستی كۆلیسیترۆلی باش HDL كەمتر لە 35ملگم/ دێسیلیتر، بەزربوونەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TG لە 250 ملگم/دێسیلیتر و بەرزتر، فرەكیسی هێلكەدان PCOS و تووشبوون بە شەكرەی دووگیانی لە ئافرەتدا. خۆشبەختانە كەسانی تووشبوو بە قۆناغی پێش شەكرە دەتوانن كە خۆیان لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بپارێزن لە رێگای كۆنترۆلكردنی كێشی لەش و مەشقی فیزیكی.
Top