چینی سەرەوەی پێست گرنگە بۆ پاراستنی تەڕێتی پێست، بە مانایەكی تر ئەم بەرگە پێست لەوشكبوون دەپارێزێت. ئەم چینەی سەرەوەی پێست لە خانەی مردوو پێكهاتووە كە نوقمن لەناو ئەو چەورییە سروشتیەی كە خانە زیندووەكانی ژێرەوەی پێست دروستیدەكەن. ئەم چەورییە بەربەستێكی سروشتییە كە نایەڵێت ئاو لە لەشدا بچێتە دەرەوە، هەروەها نایەڵێت كە ماددەی دەرەكی و میكرۆب بچنە ناو لەش. خانەكان و ماددە چەورییەكان لەم چینەی پێستدا بڕێكی دیاریكراوی ئاو هەڵدەمژن، بەمەشەوە پێست نەرم و لووس دەمێنێتەوە. كەمبوونی یان نەمانی ئەم ماددە چەورییە دەبێتە هۆی جیابوونەوە یان خێرا بەهەڵمبوونی ئاوی چینی سەرەوەی پێست، دەرەنجام پێست وشك دەبێت. هەر هۆكارێك ببێتە ئەگەری وشكبوونی پێست ئەوا كرداری لۆچبوونی پێست تاودەدات. بەگشتی لە ئافرەتدا كرداری لۆچبوونی پێست Wrinkles لە تەمەنی 30 ساڵیدا سەرهەڵدەدات، سەرەتا بە وشكبوونی پێست دەستپێدەكات، پاشان هێڵەكانی وشكبوون دەبنە بناغە بۆ لۆچبوون. هۆكار و هاندەرەكانی لۆچبوونی پێست ئەمانەن: بەتەمەنداچوون، زیاد بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆر، جگەرەكێشان، زیاد بەكارهێنانی ماكیاژ و ئاوێتەی كیمیایی بۆ جوانكاری.