ئایا زیاد تێنووبوون هێمای نەخۆشییە؟

ئایا زیاد تێنووبوون هێمای نەخۆشییە؟
زیاد تێنووبوون Polydipsia واتە هەستكردنی بەردەوام بەتێنوویەتی، هەستكردنێك كە توندترە لە تێنووبوونی ئاسایی هەتا پاش خواردنەوەی ئاو، یان شلەمەنی تر هێشتا هەر بەردەوام دەبێت. بەگشتی زیاد تێنووبوون هاوكات دەبێت لەگەڵ وشكبوونی كاتیی یان درێژخایەنی دەم. زیاد تێنووبوون ئەگەرچی یەكێكە لە 3 نیشانە سەرەتا و سەرەكییەكەی نەخۆشی شەكرە، بەڵام گەلێك هۆكاری تر ئەم گرفتە پەیدادەكەن وەكو: سكچوون، رشانەوە، زیاد ئارەقەكردن، خوێنبەربوونێكی زۆر، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن لە نەخۆشانی شەكرەدا. تێنووبوونی توند و بەردەوام زیاتر روودەدات لە حاڵەتەكانی: نەخۆشی شەكرە، تووشبوون بە وشكبوونەوە Dehydration لەبەر سووتان یان سكچوون یان زیاد رشانەوە، نەخۆشی گەندەشەكرە Diabetes insipidus كە پێوەندی بە نەخۆشی شەكرەوە نییە و بریتییە لە كاریگەریی كەمی هۆرمۆنێك لەسەر گورچیلە بۆ زیاد دروستكردنی میز. ئەمەش گرنگە كە لەگەڵ زیاد تێنووبووندا لەبەر هەر هۆكارێك بێت بڕێكی باشی ئاو بخورێتەوە.
Top