كیسی هێلكەدان Ovarian cyst بریتییە لە تورەگەی پڕ لە شلە یان ماددەیەكی نیمچە رەق لەناو شانەكانی هێلكەداندا. زۆربەی حاڵەتەكان بریتین لە كیسی پەیوەست بە سووڕی مانگانەی ئاسایی Functional cyst كە بەگشتی لە ماوەی 60 رۆژدا لەخۆیانەوە دەپوكێنەوە و نامێنن. بەگشتی كیسی بچووكی هێلكەدان بێ نیشانەیە، بەڵام كیسی گەورەتر لەوانەیە كە ئەم نیشانانەی هەبێت: ئازار لە ناوچەی حەوزدا كە زیاتر بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانە سەرهەڵدەدات، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت و رانەكاندا، هەستكردن بە قوڕسایی لە بەشی خوارەوە سكدا، زیاد میزكردن، هێڵنج، رشانەوە، ناڕحەتی لە مەمكدا. كیسی هێلكەدان بە پشكنینی سۆنار بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێت. زۆربەی حاڵەتەكانی كیسەی هێلكەدان جێگای نیگەرانی نین و لە ماوەی چەند مانگێكدا لەخۆیانەوە چاكدەبنەوە و كیسەكان نامێنن. گەلێك جار كیسی هێلكەدان چارەسەر دەكرێت بە بەكارهێنانی دەنكی رێگرتن لە دووگیانی (حەبی مەنع) بۆ راگرتنی دروستبوونی هێلكۆكە و رێگرتن لە گەشەكردنی كیسی هێلكەدان. لە هەندێك حاڵەتی سەختدا كە كیسەكە گەورە بێت یان مەترسی تەقینی لێبكرێت، ئەوا نەشتەرگەری پێویست دەكات بۆ لابردنی كیسەی هێلكەدان.