بەتێكڕایی سووڕی مانگانەی ئافرەت لەتەمەنی نزیكەی 52 ساڵیدا بۆ هەمیشە دەوەستێت، بەڵام هەندێك جار ئافرەت لەبەر هۆكاری زگماكی و حاڵەتی دیكە لە تەمەنێكی زووتر دەچێتە ئەم قۆناغەوە. ئەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنی كەمتر لە 40 ساڵیدا دەچنە قۆناغی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەوە Menopause، ئەوا ئەگەری شكانی ئێسكەكانیان زیاترە لە ئافرەتانی تر. تەنكبوون و بێهێزبوونی ئێسك وای لێدەكات كە بە هێزێكی دەرەكی سادە و سووكەوە دووچاری شكان بێتەوە بەتایبەتی ئێسكی بڕبڕەكان، ملی ئێسكی ران، لەگەڵ ئێسكەكانی مەچەك. ئەمەش لە لێكۆڵینەوەكاندا روونكراوەتەوە كە لەوانەیە بەكارهێنانی كالسیۆم و ڤیتامین D ئەم ئەگەرە كەم نەكاتەوە، بەڵام لە هەندێك لێكۆڵینەوەی تردا هاتووە كە بەكارهێنانی 1200 ملگم كالسیۆم لەگەڵ بڕێكی تەواو لە ڤیتامین D بۆ پاراستنی ئێسكەكان پێویستە هاوكات لەگەڵ چارەسەر بە هۆرمۆنی جێگرەوە HRT بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنێكی زووتر دەچنە ئەم قۆناغەوە، بێگومان تا بكرێت كالسیۆم لە خۆراكەوە وەربگیرێت هێندە ئەنجامی باشتری دەبێت بەتایبەتی كە لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی تردا باس لەوە كراوە كە بەكارهێنانی دەنكی كالسیۆم لە ئافرەتدا لەوانەیە ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكان زیاد بكات.