لەش وزە و توانای پێویستە بۆبیناكردنی شانەكان، هەروەها پێویستی بە گەلێك ماددە یان پێكهاتووی كیمیایی گرنگ و ئاڵۆزەوە هەیە كە بۆ زۆربەی هەرە زۆری كارلێكە كیمیاییەكان و چاڵاكیی خانە و شانە و ئەندام و كۆئەندامەكان سوودیان لێ وەردەگرێت. ئەم ماددە كیمیاییانە كە ڤیتامینەكان و كانزاكان دەگرنەوە، وزە و ماددەی بیناكار نین بۆ لەش، بەڵكو باشترین شێوەی فرمانە پێویست و گرنگەكانی لەش دابین دەكەن و زۆریان وەكو ئەنزیم یان كۆئەنزیم كاردەكەن. ڤیتامینەكان پێكهاتووی كیمیایی ئۆرگانی ئاڵۆزن كە بڕی كەم پێویستن بۆ لەش. ڤیتامینەكان بە پێی پیتی ئەبجەدی ئینگلیزییەوە ناونراون هاوكات لەگەڵ مێژووی دۆزینەوەیان. هەر ڤیتامینێك ناوی كیمیایی خۆی هەیە بە پێی پێكهاتەكەی، هەندێكیان زیاتر لە یەك ناویان هەیە لەبەر ئەوەی كە لە كۆمەڵێك ماددەی كیمیایی پێكهاتوون. ڤیتامینەكان بە دوو گروپ پۆڵی كراون: ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین A و ڤیتامین D، ڤیتامین E، ڤیتامینK، ڤیتامینF هەروەها ئەو ڤیتامینانەی كە لە ئاودا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین C و كۆمەڵەی ڤیتامین B. كەمی هەر ڤیتامینێك كێشەیەكی تەندروستی دروست دەكات، مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی بە بڕێكی دیاریكراو لە هەر ڤیتامینێكەوە هەیە. هەموو ڤیتامینەكان لە خۆراكەوە سەرچاوەدەگرن، خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی رووەكی. لەش دەتوانێت تەنیا ڤیتامین D لەژێر پێست و ڤیتامین K لە ریخۆڵەدا بۆ خۆی دروست بكات. توخمە كانزاییەكان Minerals ماددە نائۆرگانین، لە لایەنی گرنگی بۆ تەندروستی هیچیان لە ڤیتامینەكان كەمتر نییە. لەش پێویستی بە بڕی بچووك لە هەر كانزایەك هەیە، كەمی هەر كانزایەك گرفتێكی تەندروستی پەیدا دەكات، لەم كانزایانە: سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، كالسیۆم، زینك، فۆسفۆر، مەگنسیۆم، ئاسن، یۆد، مەنگەنییز، كۆپەر...تاد. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، فرمانی تەواوی هەندێك لە ڤیتامین و كانزاكان بە وردی نەزانراوە، بەڵام ئەمە هیچ گومانێكی تێدانییە كە رۆڵی زۆر گەورە لە زییندەچاڵاكییەكانی لەشدا دەگێڕن. بۆ نموونە ڤیتامین D رۆڵی هەیە لە چاودێریكردنی هەڵمژینی كالسیۆمدا كە زۆر پێویستە بۆ بینای ئێسكی پتەو، لە هەمان كاتیشدا رۆڵی هەیە لە فرمانی دەمار و ماسوڵكەكان و لە كرداری رێكخستنی گەیاندنی وزە بە شانەكانی لەش، بۆیە لەوانەیە كە كەمی یەك ڤیتامین ببێتە ئەگەری تێكچوونێكی بەرفراوان لە لەشدا، لەوانەشە كە كەمی یەك ڤیتامین ئەگە زۆر بە سەختی رووبدات ببێتە ئەگەری ئیفلیجی یان هەتا مردن.