ئەگەر هەر برینێك بە ماوەی 3 مانگ ئینجا چاكبێتەوە، ئەوا لەوانەیە كە دووچاری هەوكردن بووبێت و پێویست بە چارەسەر بكات لەگەڵ دۆزینەوەی هۆكاری دواكەوتنی چاكبوونەوەی، بۆ نموونە نەخۆشی شەكرە. لەكاتی روودانی برین، لەش بە 3 قۆناغ دەست بە چاكبوونەوەی دەكات: یەكەم، كاردانەوەی سستمی بەرگری لەش كە خۆی لە سووربوونەوە دەبینێتەوە بە مەبەستی رێگرتن لە هەوكردن. دووەم، دروستبوونی خانەی نوێ لەسەر برین. سێیەم، چاكبوونەوە یان دروستبوونی ئاسەواری چاكبوونەوە Scar. ئەو هۆكارانەی كە چاكبوونەوەی برین دوادەخەن یان ئاڵۆزی دەكەن بریتین لە: نەخۆشی شەكرە، كەمی ئاستی هۆرمۆنی گەشە HGH، هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان، نەخۆشی بۆڕییەكانی خوێن بەتایبەتی خوێنبەرەكان، كەمی كانزای زینك(تۆتیا). نەخۆشی شەكرە بە باوترین هۆكاری دواكەوتنی برین دەژمێررێت، چونكە ئاستی بەرزی شەكری خوێن بەتێپەڕبوونی كات كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر دەمارەكان Neuropathy و دەبێتە هۆی كزبوونی سووڕی خوێن، بەمەشەوە كەمتر خوێن دەگاتە پێست، واتە رێژەیەكی كەمتری ئۆكسجین و ماددەی خۆراكی و ماددە گرنگەكانی تر كە پێویستن بۆ چاكبوونەوەی برین. لێرەدا، دواكەوتنی چاكبوونەوە دەبێتە ئەگەری هەوكردن بە بەكتریا یان كەڕوو یان لاڕەشە (گانگرین Gangrene).