كەی بۆ خوێندنەوە پێویستیت بە چاویلكە دەبێت؟

كەی بۆ خوێندنەوە پێویستیت بە چاویلكە دەبێت؟
نزیكەی هەموو كەسێك پاش تەمەنی 40 ساڵی دووچاری گرفت لە بینینی شتی زۆر نزیك دەبێت بەتایبەتی خوێندنەوە، بەمەش دەوترێت پیربوونی چاو Presbyopia. ئەم گرفتە نزیكە لە حاڵەتی دووربینینی Farsitedness بەڵام بە میكانیزمێكی جیاواز. هاوێنەی چاو كە دەكەوێتە پشت بیلبیلە Pupil و گلێنە یان بەشە رەنگاوڕەنگەكەی چاو Iris، لە تەمەنی گەنجێتیدا مرونەی زۆری هەیە، بۆیە ماسوولكە وردەكانی چاو بە ئاسانی شێوەی هاوێنە دەگۆڕن، بەمەشەوە دەتوانرێت كە تەركیز لەسەر تەنی نزیك و دوور بكرێت، واتە خۆگونجاندنی هاوێنە Accommodation. لەگەڵ تەمەندا، توانای لاستیكی هاوێنەی چاو و ریشاڵی ماسوولكەكانی دەوری هاوێنەی چاو كەم دەبێتەوە، ئەمەش بەرە بەرە دەبێتە گرفت لە خۆگونجاندنی هاوێنە بە شێوەی كەمبوونەوەی یان نەمانی توانا بۆ بینینی دروستی تەنی نزیك، دەرەنجام لەكاتی سەیركردنی نزیكدا لەجیاتی جێگیربوونی وێنە لەسەر تۆڕەی چاو Retina، وێنەكان دەكەونە شوێنێكی دوورتر، یان پشتەوەی تۆڕەی چاو، بۆیە پێویست بە چاویلكەیەكی نزیككەرەوە دەكات بۆ جێگیركردنی وێنە لەسەر تۆڕەی چاودا. لە هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا هەر لە تەمەنی 35 ساڵیدا چاویلكەی خوێندنەوە پێویست دەبێتوەك و: نەخۆشی شەكرە، نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، زیانی لابەلای دەرمان بەتایبەتی دەرمانی دژەخەمۆكی و دژەهەستەوەری، زەبر بۆ چاو، پیشە كە سەرنجی ورد و بینینی نزیكی لەرادەبەدەری دەوێت. بۆ ئەو كەسانەی كە لەبەر هۆكاری تایبەتی نایانەوێت چاویلكە یان هاوێنەی لكاو لەم تەمەنەدا بەكاربێنن، چەند جۆرێكی نەشتەرگەری لەبەردەستدان وەكو: نەشتەرگەریی جوانكاری كۆرنیا Keratoplasty بە بەكارهێنانی شەپۆڵی رادیۆیی بۆ زیاد قۆقزكردنی كۆرنیا، نەشتەرگەریی لەیسیك، نەشتەرگەری جێگیركردنی هاوێنەی دەستكرد Intraocular lens لەجیاتی هاوێنەی سروشتی
Top