ژمارەی ئەو نەوجەوانانە لە زیادبووندایە كە دووچاری قەڵەوی و كلۆربوونی ددان دەبنەوە لە ئەنجامی زیادخواردنەوەی سپۆرت درینكی جۆراوجۆر Sports drinks كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن، بەردەستبوون و هەرزانی و چێژە شیرینەكەی سپۆرت درینك سەرنجی نەوجەوانان رادەكێشێت، بەڵام لەوانەیە كە زۆربەیان زانیارییان سەبارەت بە رێژە بەرزەی شەكری ناو سپۆرت درینك نەبێت، بۆ نموونە یەك بتڵی نیو لیتری سپۆرت درینك بە ناوی لیوكۆزێد Lucozade نزیكەی 18 گرام شەكر لەخۆدەگرێت. گەلێك جۆری سپۆرت درینك جگە لە رێژەی بەرزی شەكر، رێژەیەكی بەرزی ترشەكان لەخۆدەگرن، ئەمانە بەیەكەوە كاریگەری خراپ دەكەنە سەر رووی ددان و دوچاری كلۆربوونی دەكەن. لە لایەكی ترەوە، هەموو خواردنەوە شیرینكراوەكان كە سپۆرت درینكیش دەگرێتەوە، رێژەیەكی بەرزی وزە، یان كالۆری بەتاڵ Empty calories لەخۆدەگرن واتە وزەی زۆر و ماددەی خۆراكی كەم لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان و ماددە سوودبەخشەكانی تر، ئەمەش هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش و ئەگەری قەڵەوی لە ئاییندەدا. واباشە كە شەكرە زیادەكان لە 5%ی پێویستی وزەی رۆژانە زیاتر نەبێت، واتە رۆژانە تەنیا 30 گرام بۆ نەوجەوانێكی تەمەن 11 ساڵ و بەسەرەوە.