ئایا كیسی گورچیلە مەترسی هەیە؟

ئایا كیسی گورچیلە مەترسی هەیە؟
كیسی گورچیلە بەگشتی كیسی سادەن Simple kidney cysts، شێرپەنجەیی نین، بە شێوەیەكی ئاسایی لە گەلێك كەسدا پەیدادەبن و بە درێژایی تەمەنیان لەگەڵیدا دەژین، هەروەها زیان بە گورچیلە ناگەیەنێت و پێویست بە چارەسەركردن ناكات بەتایبەتی ئەگەر بچووك بێت. هەندێك جار لەبەر گەورەیی قەبارەیان نیشانە پەیدا دەكەن و لەوانەیە كە فشار بخەنە سەر بۆڕییەكانی خوێن یان بۆڕی میز و ببنە هۆی راگرتنی هاتووچۆی خوێن یان میز، لێرەدا پێویست بە نەشتەرگەری یان رێگا چارەی تر دەبێت. فرەكیسی گورچیلە Polycystic kidney disease حاڵەتێكی زگماكی جیاواز و دەگمەنە كە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئازار، هاوكات لەگەڵ هەوكردن و بینینی خوێن لەگەڵ میزدا. نیشانەكانی كیسی سادە: ئازار لە تەنیشتەكانی سك، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زیاد میزكردن، تاریكبوونی رەنگی میز لەبەر بوونی خوێن لە میزدا. كیسی گورچیلە بە رێگای پشكنینی سۆنار یان سكانی CT یان وێنەگرتنی رەنینی موگناتیسی MRI دەستنیشان دەكرێت. چارەسەركردن: كیسی بچووك و بێ نیشانە چارەسەری ناوێت، بەڵام پێویستە كە 6 مانگ جارێك لە لایەن دكتۆر بەسەر بكرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە گەورەنەبوونی قەبارەكەی. كیسی گەورە ئەگەر بێ نیشانەش بێت، پێویستە كە زووتر بەسەربكرێتەوە، كیسی گەورە كە نیشانەی هەبێت و بەردەوام بێت لە گەشەكردن و گەورەبووندا، پێویست بە نەشتەرگەری دەكات بۆ لابردنی.
Top