وشكبوونی چاو Dry Eye Syndrome ئەو كاتە روودەدات كە فرمێسكە گلاندەكان بڕی تەواوی فرمێسك دروست نەكەن یان كوالیتی فرمێسك باش نەبێت. وشكبوونی چاو حاڵەتێكی درێژخایەنە و لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری لاوازیی بینین لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هەوكردن لە چاودا. ئەگەر فرمێسك بە كەمی دەربدرێت یان پێكهاتە كیمیاییەكەی بگۆڕێت ئەوا دەبێتە هۆی وشكبوونی چاو. وشكبوونی چاو دەبێتە هۆی: خورشت و سووتانەوەی چاوەكان، هەستكردن بە بوونی تەنی بیانی لە چاودا، سووربوونەوەی چاوەكان، شێوان لە بینیندا، هەستكردن بە ناڕحەتی چاو لەكاتی خوێندنەوە یان سەیركردنی تەلەڤزیۆندا. تەڕێتی زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی چاو، فرمێسك تاكە سەرچاوەی تەڕكردنی چاوە كە شەو و رۆژ بەردەوام دەرژێتە سەر رووی چاو. هۆكارە فسیۆلۆژییەكانی زیاد فرمێسككردن بریتین لە: تەزووی بای سارد، تیشكی گەرمی خۆر بەتایبەتی لە هاویندا، هەموو جۆرەكانی دوكەڵ، تۆز و خۆڵ،تەنی بیانی لەناو چاودا، وردكردنی پیاز، زیاد پێكەنین، پژمین، غەم و دڵتوندی. ئەگەرچی هەندێك نەخۆشی وەكو هەوكردنی پێڵوو و رووی چاو و هەستەوەری چاویش هۆكارن بۆ زیاد فرمێسككردن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا زیاد فرمێسككردن سەدان جار باشترە لە وشكبوونی چاو.