ئەم راستییەكی پزیشكی روونە كە سووڕی مانگانەی رێك Menstrual cycle مانای تەندروستیی باش و هاوسەنگ دەگەیەنێت، دواكەوتن یان وەستانی سووڕی مانگانە نیشانەیەكە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا گرفتێكی تەندروستی لەپاڵەوەیە. كە لەش دەكەوێتە ژێر فشار یان سترێسێكی زۆرەوە وەكو ئەوەی كە لەكاتی ریجیمی توندا روودەدات، ئەوا گەلێك لە فرمانە (نازەروورەكان) لەدەست دەدات ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت، بۆ نموونە لە ئافرەتدا كەمبوونەوەی توانای دووگیانبوون، هەروەها دواكەوتنی یان وەستانی سووڕی مانگانە بەتایبەتی كە رێژەی چەوری لە لەشدا تا رێژەی 15- 17% كەمدەبێتەوە. ریجیمی خۆراكی Dieting بەتایبەتی ریجیمی توند یان ریجیمی هەڵە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وزە و كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان، ئەمەش بە چەندین شێوە كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستیی ئافرەت، بۆ نموونە قژهەڵوەرین، تێكچوونی سووڕی مانگانە، كەمبوونەوەی ئارەزوی خواردن.پاش گەڕانەوە بۆ خۆراكی ئاسایی و دووبارە زیادبوونەوەی كێشی لەش كە لە سنووری ئاساییدا بێت، ئەوا ریتمی سووڕی مانگانە وەكو جاران ئاسایی دەبێتەوە، خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم و ڤیتامین B6 لەگەڵ ترشە چەورییە باشەكان گرنگی زۆری هەیە، بۆ نموونە خواردنی ماسی،ئەلبان، تۆوەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی، میوە بەتایبەتی ئاڤۆكادۆ، پاقلەمەنییەكان، گۆشتی پەڵەوڕ، سەوزەی جۆراوجۆر.