زیاد خواردنی شەكر بەتایبەتی لە جۆری شەكری فركتۆزی Fructose ناو خواردنەوە گازدار و كاربۆنكراوەكانی وەكو سۆدا پێوەندی هەیە بە زیادبوونی كێشی لەش و زیادبوونی بەرگری خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance، ئەمانەش هاندەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە. هۆرمۆنی ئینسولین كلیلی رێكخستنی ئاستی شەكری خوێنە پاش خواردن. بەرگری خانەكانی لەش بەرانبەر بە ئینسولین یەكێكە لە گۆڕانە زووەكان كە رێگا بۆ نەخۆشی شەكرە خۆش دەكات. هۆكاری پەیدابوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەی بڕی زیادی شەكر لە جگەردا نەك زیاد كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا. لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بڕی زیاد لە شەكری فركتۆز جگە لە پەیداكردنی بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین، هۆكارە بۆ گەلێك گرفتی پەیوەست بە میتابۆلیزم Metabolic syndrome وەكو كۆبوونەوەی بڕی زیادی چەوری لە جگەردا، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كۆبوونەوەی چەوری لە دەوری كەمەردا، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان و دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL لە خوێندا. زوو دەستنیشانكردنی گرفتەكانی میتابۆلیزم گرنگی زۆری هەیە بۆ هەرچی زووتر رێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و ئاڵۆزییەكانی تر، بۆ نموونە گۆڕینی ستایلی ژیان لە گۆڕینی خۆراك و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش.